مەودا میدیا-
حكومەتی قەتەر دووپاتی كردەوە كە هەوڵەكان بەردەوامن بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی نێوان ئەمەریكا و ئێران، بە ئامانجی گەیشتن بە رێككەوتنێك كە چارەسەری قەیرانەكان بكات و ناوچەكە لە مەترسییەكانی جەنگ بپارێزێت.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند “واشنتۆن و تاران لە ئێستادا پێداچوونەوە بە پێشنیارەكان دەكەن بە مەبەستی دروستكردنی هەلومەرجی پێویست بۆ ڕێككەوتنی نێوان هەردوولا و هەریەكەشیان پابەندن بە پرۆسەی دانوستانەكانەوە”.
وتیشی “ئاستێكی بەرزی هەماهەنگی لە نێوان سەركردەكانی دەوڵەتانی هەرێمیدا هەیە بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەك بۆ قەیرانەكە و دووركەوتنەوە لە كاردانەوەكانی جەنگ و وڵاتەكەشی لە نزیكەوە لەگەڵ هاوبەشە ناوچەییەكانی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كاردەكات بۆ كۆتاییهێنان بەو قەیرانەی ئێستا”.
جەختی لەوەش كردەوە “هەوڵەكانی قەتەر بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكە كە توانای دروستكردنی متمانە و پەرەپێدانی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەكەدا هەبێت”.
ئ پ