لیژنەیەكی تایبەت بەدواداچوون بۆ كێشەی نفوسی خێزانەكانی خانەقین دەكات

مەودا میدیا-
دوای هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەی تەجمیدی نفوسی بەشێك لە خێزانەكانی خانەقین، لە ئێستادا لیژنەیەكی تایبەت لە نفوسی بەغدا بەپێی داواكاری بەدواداچوون بۆ كێشەی ئەو خێزانانە دەكات.

سروە محەممەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە مەودا میدیای راگەیاند “ئێستا لیژنەیەكی تایبەت لە نفوسی بەغدا پێكهێنراوە و لیژنەكەش بەپێی ئەو نوسراوانەی كە لە نفوسی خانەقینەوە ئاراستەیان دەكرێت بەدواداچوون بۆ قەیدی ئەو خێزانانە دەكات كە پێشتر تەجمید كراون”.

وتیشی “تا ئێستا بەشێكی زۆر لەو خێزانانە مامەڵەیان كردووە و لەلایەن نفوسی خانەقینەوە نوسراوی رەسمییان بۆ كراوە بۆ ئەو لیژنەیەی كە لە بەغدا تایبەت بەو كەیسە پێكهێنراوە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد “زۆربەی ئەو خێزانانەی كە سەردانی لیژنەكەیان كردووە مامەڵەكانیان بەباشی بەڕێوەچووە”.

باسی لەوەش كرد “هەر خێزانێك كە كێشەی نفوسی هەبێت ئێستا دەتوانێت سەردانی نفوسی خانەقین بكات و لەوێشەوە روونكردنەوەی تەواوی پێدەدرێت و ئەگەر پێویستیش بكات ئەوا نوسراوی بۆ دەكرێت بۆ ئەو لیژنە تایبەتەی كە لە نفوسی بەغدا پێكهێنراوە”.
ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان