مەودا میدیا-
بەهۆی دواکەوتنی مووچە و دروستبوونی لۆد و قەرەباڵغییەکی زۆر لەسەر ئامێری (ATM)ەکان یان نەبوونی ئامێری (ATM)ی بەشێک لە بانکەکانی ناو هەژماری من لە شارو شارۆچکەکان، هەروەها قووتدانی کارتی هەژماری فەرمانبەران و پێنەدانی مووچەکانیان، ناچار فەرانبەران پەنا دەبەنەبەر وەرگرتنی مووچەکانیان لە نووسینگەکانی ئاڵۆگۆڕی دراو، بەوهۆیە لە یەکێک لە تەلەفزیۆنەکان بانگخوازێک ئاشکرایکرد کە وەرگرتنی مووچە لە نووسینگەکان (ریبا) و حەرامە و بەشێکە لە سوو، لە بەرانبەردا زۆربەی زانایانی ئایینی ئیسلامیی لە هەرێمی کوردستان حەرامبوونی پرۆسەکە رەتدەکەنەوە.
مامۆستا سدیق حەمەرەشید، سەرۆکی لیژنەی فەتوای زانایانی ئایینی لە پارێزگای هەڵەبجە رایگەیاند “بەهۆی نەدان و دواکەوتنی مووچە، بەشێک لە مووچەخۆران پەلە دەکەن یان پیشەی تریان هەیە و نایانەوەێ لەبەردەوم (ATM) سەرە بگرن بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان لە بەرابنەردا بڕێک پارەی زیاتر دەدەن کە پێی دوترێت(عمولە) مووچەکانیان لە نووسینگەکان رادەکێشن”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “بەپێی روونکردنەوە و وتەی زانایانی ئایینی وەرگرتنی مووچە لە نووسینگەکانی ئاڵۆگۆڕی دراو رێپێدراوە لەرووی ئایینی پیرۆزی ئیسلام ناچێتە بواری (ریبا)وە و دەچێتە بواری (عمولە)وە، لە کاتێکدا دەچێتە بواری ریباوە کە هەمان دراو (دینار بە دینار) و (دۆلار بە دۆلار) بە زیادە بگۆڕدرێتەوە یان دەست بە دەست”.، بۆیە ئەم وەرگرتنی مووچە لە نووسینگەکان دوورە لە پرۆسەی پارە گۆڕینەوەو رێپێدراوە”.
ب ح