ئێرانێکی نوێ دەبینین؟

سۆزان حەمەتاتە

شەڕی ئەمەریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەمجارە لە قۆناغێکی نوێدا خۆی بینیوەتەوە، لەناو زستانێکی سارددا، شەڕێکی گەرم و قورس دەبینین، بە هەموو پێوەرەکان تەواو جیاواز دەبێت و ئەنجامەکانیشی جیاوازن لە شەڕ و ململانێکانی پێشوو.

هەڵگیرسانی شەڕەکە و دەستپێکردنی هێرشەکان بۆ سەر ئێران، هاوکات بوو لەگەڵ بەگەڕخستنی هەوڵە دیپلۆماسییەکان لە شانشینی عومان و جنێف، لەکاتێکدا بڕیاربوو گەڕی سێیەمی گفتوگۆکان لە ڤییەنا بەڕێوەبچێت، بەڵام بێ متمانەیی و ئەنجام خراپی گەڕی یەکەم و دووەم و سووربوونی ئێران و ئەمەریکا لەسەر خواستە گەورەکانیان، بوونە هۆکاری هەڵگیرسانی شەڕەکە و کەس نازانێت چەند بەردەوام دەبێت.

لێدوانەکانی هەردوولا بەم شێوەیەن:
یەکەم: ئەمەریکا و ئیسرائیل سیناریۆی کۆتایی رژێمی ئیسلامی و ئاخووندی ئێرانیان هەیە، هەر بۆیە بەقورسی لێیدەدەن و جگە لە کوشتنی عەلی خامنەیی، دەست بۆ کوشتنی هەر سەرکردە و فەرماندەیەکی دیکەیش دەبەن، هەروەها دەیانەوێت وڵاتانی کەنداوی عەرەبی بهێننە ناو شەڕەکەوە و چوارچێوەی هاوپەیمانێتییەکەیان فراوانتر بکەن و بەجۆرێکی گونجاو خەرجی شەڕەکە بخەنە ئەستۆی وڵاتە دەوڵەمەندەکانی کەنداو.
جیاواز لە شەڕەکانی پێشووتر، ئەوجارەیان ئەمەریکا داوا لە خەڵکی ئێران دەکات راپەڕن و وڵاتەکەیان وەربگرنەوە، هەڵبەت ئەوە هەروا ئاسان نییە، بەڵام داوایەکی گرنگە لەلایەن ئەمەریکاوە و پێویستە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی رۆژهەڵات و ئێران میکانیزمی هاوکاریی تێکۆشانی ئەم قۆناغە دەستنیشان بکەن.
دووەم: هەرچی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، نەچووە ژێر باری داواکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل، بەڵکوو رژد بوو لەسەر جێبەجێکردنی مافەکانی خۆی لە پیتاندنی یۆرۆنیۆم بۆ بواری مەدەنی نەک دروستکردنی چەکی ئەتۆمی، بەڵام ئەمە نەبووە جێگەی بڕوا و متمانەی رۆژئاوا بەتایبەت ئەمەریکا و ئیسرائیل و دەرفەتەکان تەسککرانەوە، وا دەبینین ئێران بە هەموو هێزی خۆی رووبەڕوویان دەبێتەوە.

خاڵی جێگەی سەرنج لێرەدا ئەوەیە: ئایا لەمەودوا، بەهۆی شەڕی ئەمجارە و کوشتنی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامییەوە، ئێرانێکی نوێ دەبینین یان شەڕەکە بەهەر هۆکارێک کۆتایی دێت و دوای ماوەیەک ئێران هەر ئێرانە کۆنەکە دەبێت و کوردیش بێ دەستکەوت لێی دێتە دەرەوە؟

پێش هەر شتێک هێزەکانی کوردستانی رۆژهەڵات لەبەردەم ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیی گرنگدان، ئەوانەیش یەکگرتوویی ریزەکانیان و دانانی بەرنامەیەکی واقیعیانە و پێکهێنانی بەرەیەکی کوردستانی، هەروەها بەگەڕخستنی رەوەندی کوردی لە وڵاتانی دەرەوە و کاراکردنەوەی کەناڵی دیپلۆماسی و لەوانەیش گرنگتر خۆسازدانیان بۆ راپەڕینی ناوخۆیی لەەر ئەگەرێکی گونجاودا.

ئەوەی پێشبینی دەکرێت، ئەم شەڕە هەر چۆن و بەهەر شێوەیەک کۆتایی بێت، بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئێرانێکی جیاوازتر دەبینین، بەڵکوو ئەوە دەرفەتێکی بێت بۆ رزگارکردنی رۆژهەڵاتی کوردستان و کۆتایی داگیرکاری چەند ساڵەی رژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان