لێبوردەیی: بەهێزیی رۆحە یان ساویلکەیی؟

دێرین جەمال

لێبوردەیی یەکێکە لە مەزنترین و جوانترین بەها ئەخلاقی و مرۆییەکان، هونەرێکی بەرزە کە نیشانەی هێزی رۆح، تێگەیشتنی قووڵ و رزگاربوونی دڵە لە باری قورسی کینە و رق. لێبوردن؛ ئاشتیی ناوەکی بۆ مرۆڤ دەگەڕێنێتەوە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە گرژی دەپارێزێت، بەڵام ئەم بەها پیرۆزە کاتێک مانای راستەقینەی خۆی دەبەخشێت کە لەسەر بنەمای هۆشیاری و هاوسەنگی بێت، نەک کوێرانە و بێ‌ سنوور.

لە ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا، لێبوردەیی پێگەیەکی زۆر بەرزی هەیە، پەروەردگار لە قورئانی پیرۆزدا بە جوانترین شێوە هانی بڕواداران دەدات بۆ بەخشندەیی، وەک دەفەرموێت: ﴿وَإِن تَعْفُوا وَتَصْفَحُوا وَتَغْفِرُوا فَإِنَّ اللَّهَ غَفُورٌ رَّحِيمٌ﴾ (سورة التغابن: ١٤)، هەروەها دەفەرموێت: ﴿وَلْيَعْفُوا وَلْيَصْفَحُوا أَلَا تُحِبُّونَ أَن يَغْفِرَ اللَّهُ لَكُمْ﴾ (سورة النور: ٢٢).

ئەم ئایەتانە پێمان دەڵێت کە: لێبوردن هۆکاری جێبەجێبوونی رەحمەت و لێخۆشبوونی ئیلاهییە بۆ خودی مرۆڤەکە.

بەڵام ئیسلام لە هەمان کاتدا ئایینی هاوسەنگی و دادپەروەرییە، لێبوردن کاتێک بەهای هەیە کە نەبێتە هۆی زەوتکردنی ماف یان زاڵبوونی زوڵم. هەر بۆیە لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە: ﴿وَجَزَاءُ سَيِّئَةٍ سَيِّئَةٌ مِّثْلُهَا فَمَنْ عَفَا وَأَصْلَحَ فَأَجْرُهُ عَلَى اللَّهِ﴾ (سورة الشورى: ٤٠)؛ لێرەدا ئیسلام رێگەی داوە بە وەرگرتنەوەی ماف و دادپەروەری، بەڵام لێبوردنی بەستووەتەوە بە چاکسازییەوە. واتە ئەگەر لێبووردن ببێتە هۆی چاکبوونی بەرانبەر ئەوا پاداشتی گەورەی هەیە، بەڵام ئەگەر بێتو بەرانبەر بە ئەنقەست و بێباکانە بەردەوام بێت لەسەر زوڵم و تاوان، ئەوا لێبووردنی بێ ‌سنوور خۆی دەبێتە دەروازەیەک بۆ خوڵقاندنی کارەساتی وا کە تەمەنێک چاکبوونەوەیان بۆ نەکرێت. ئەگەر بێتو هەموو جارێک چاو بنوقێنیت لە بەرانبەر ئەو کەسانەی کە بە ئەنقەست ئازارت دەدەن یان مافت دەخۆن، ئەوا تۆ لەڕاستیدا هاوکارییان دەکەیت لەسەر بەردەوامبوونی زوڵمەکەیان و هانیان دەدەیت زیاتر دەست بەسەر شکۆتدا بگرن.

هەندێ جار مرۆڤ وا دەزانێت ئەگەر دەستبەرداری مافی خۆی بێت خێرێکی گەورەی کردووە، کەچی بەو لێبووردنە بێجێیە زەمینەیەکی تێروتەسەل بۆ روودانی تاوانێکی گەورەتر خۆش دەکات. کاتێک تاوانبار یان دەستدرێژکار بە سزای کردارەکانی نەگات و سنوورێکی توندی بۆ دانەنرێت، وا دەزانێت دەستبەرداربوون لە سزادانی نیشانەی ساویلکەیی دەوروبەرەکەیەتی. لەم ئاستەدا لێبووردن لە تاوانکاری بەردەوام یان دەستدرێژیکردنە سەر مافی گشتی، نەک هەر رەوشت نییە، بەڵکوو خیانەتە لە ئاسایشی کۆمەڵگە و دەرگاکردنەوەیە بۆ دروستبوونی قوربانیی نوێ.

تێگەیشتن لەم هاوسەنگییەش لە منداڵییەوە دەستپێدەکات، لە تەمەنی بچووکدا منداڵ لە رێگەی یاری و بەخشینەوە فێری لێبووردن و داوای لێبووردنکردن دەکرێت، لە هەرزەکاریدا درک بەوە دەکات کە لێبووردن هێزە نەک لاوازی و لە پێگەیشتنیشدا دەبێتە بڕیارێکی هۆشیارانە بۆ پاراستنی کەرامەت و پاککردنەوەی دڵ لە کینە.

لێبووردن سیفەتی کەسانی بەهێزە کە دەتوانن دڵیان لە کینە پاک بکەنەوە تا رابردوو کۆنترۆڵی داهاتوویان نەکات، بەڵام داوای لێبووردنکردنیش بەرپەرسیارێتیی ئەو کەسەیە کە زیانی گەیاندووە و دان بە هەڵەکەیدا دەنێت. لەبەرئەوەیە کە نەبەخشین لە زۆر شوێندا نەک هەر رەوایە، بەڵکوو ئەرکێکی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتیشە بۆ پاراستنی شکۆی مرۆڤ. دەبێت باش ئەوە بزانین کە پاککردنەوەی دڵ لە کینە بۆ ئارامیی رۆح شتێکە و تەسلیمبوون بە زوڵم و رێگەدان بە دووبارەبوونەوەی کارەساتەکان شتێکی تر و تەواو جیاوازە.

خ.غ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان