مەودا میدیا-
وتەبێژی بەرێوبەرایەتیی حەج و عومرەی کوردستان ئاشکرایکرد وەرگرتنی مامەڵەی ئەو کەسانە دەستیپێکردووە کە ناویان وەک حاجیانی جێگرەوە بۆ حەجی ساڵی 2027 هاتووەتەوە، کۆی ئەو کەسانەش بۆ حەجی 2027 ناویان هاتووەتەوە، (پێنج هەزار و 120 کەس)ە و (دوو هەزار و 400 کەس) حاجیانی جێگرەوەن.
کاروان ستوونی، وتەبێژی بەرێوبەرایەتی حەج و عومرەی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند “وەرگرتنی مامەڵەی حاجیان تاوەکو سبەینێ بەردەوام دەبێت، ئەگەر مامەڵەکانیان تەواو نەکرێن، ئەگەری هەیە وادەکە درێژ بکەنەوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “بڕی شەش ملیۆن دینار وەک گوژمەی یەکەم لە حاجیانی جێگرەوە وەردەگیرێت، پێویستە تا ئەو کاتە کە دیاریکراوە بەڵگەنامە پێویستەکانی وەک (کۆپی پاسپۆرت و کارتی نیشتیمانی، لەگەڵ زانیارییە کەسییە پێویستەکان) ئامادە بکەن و سەردانی بەرێوبەراتی حەج و عومرە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بکەن”.
ئەوەشی خستەڕوو ” گوژمەی دووەمی پارەکە هێشتا دیاری نەکراوە، چونکە تێچووی کۆتایی حەجی ساڵی 2027 لەلایەن حکومەتی عیراقەوە دیاری نەکراوە، ئەگەر تێچووی حەج زیاد بکرێت، گوژمەی دووەمیش بەپێی گۆڕانکارییانەکان دیاری دەکرێت”.
ب ح