دائەو شەوەی كە لە یەك كاتدا 62 بەنداو پێكەوە هەرەسیانهێنا
لە ساڵی 1975 یەكێك لە تاریكترین شەوانی مێژووی چین روویدا، كارەساتێك كە تەنها لە ماوەی چەند كاتژمێرێكدا، دەیان شار و گوندی نوقمی ئاو كرد.
سەرەتا زریانی هێدمە یاخود (تایفۆن) چەند شارێكی وڵاتەكەی گرتەوە، بەڵام دواتر زریانێكی بەهێزتر كە ناونرا زریانی “نینا” وڵاتەكەی گرتەوە و بارانێكی نائاسایی و وێرانكەری بەسەر چەند ناوچەیەكی چیندا باراند. بارانەكە هێندە بەخوڕ بوو كە بەنداوەكان توانایان نەبوو بەرگەی ئەو قەبارە زەبەلاحەی باران و لافاو بگرن كە كۆببووەوە.
دواتریش لە ئەنجامی كەڵەكەبوونی ئاو و باراناوێكی زۆر لە بەنداوەكاندا، لە نیوەی شەودا سەرەتا یەكێك لە بەنداوە گەورەكانی ناوچەكە شكا، ئاوی بەنداوەكەش وەك زنجیرەی مەرگ، بەنداوەكانی خوارەوەی یەك لە دوای یەك هەرەسپێهێنا. لە ئەنجامدا 62 بەنداو لەو شەوەدا هەرەسیانهێنا و شەپۆلێكی گەورە و بەهێزی ئاو بەرەو ناوچە ئاوەدانەكان كەوتەڕێ.
لافاوەكە بە خێرایی نزیكەی 50 كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا پێشڕەوی دەكرد، گوندەكان، رێگاكان، كێڵگەكان و ماڵەكان، لە بەرامبەر ئەو لێشاوە گەورەیەی ئاودا هیچ دەرفەتێكی مانەوەیان نەبوو، زۆرێك لە خەڵك تەنانەت كاتی ئەوەیان نەبوو تێبگەن كە چی روودەدات. هەر لە كاتژمێرەكانی سەرەتادا، زیاتر لە 20 هەزار كەس گیانیان لەدەستدا، بەڵام كارەساتەكە هێشتا لە سەرەتادا بوو.
ناوچەكان بە تەواوی دابڕابوون، خواردن و ئاوی پاك دەستنەكەوت و پاشان نەخۆشی و برسییەتی بەرۆكی رزگاربووانی گرت. ئامارەكان دەربارەی قوربانیانی ئەم كارەساتە، لە نێوان 26 هەزار تا نزیكەی 204 هەزار كەس دەخەمڵێندرێن. ملیۆنان كەسی دیكەش ئاوارە بوون و كەوتنە بەر كاریگەرییەكانی، هەروەها ملیۆنان ماڵ و خانوش وێران بوون.
وردەكارییەكانی ئەم كارەساتە بۆ ماوەیەكی درێژ لە ئاستی گشتیدا باس نەكران و زانیارییە وردەكان ساڵانێك دواتر بڵاوكرانەوە.
كارەساتی بەنداوی “بانكیاو” تەنها چیرۆكی شكان و رووخانی بەنداوێك نییە، بەڵكو چیرۆكی ئەو ساتەیە كە ئەندازیاریی مرۆڤ لە بەرامبەر هێزی بێسنووری سروشتدا شكستیهێنا و دەستكردەكانی مرۆڤ بوون بە چەكێكی كۆمەڵكوژ دژی خودی مرۆڤ خۆی.
ئەرسەلان پ