هێسترەکانی سوپای عوسمانی و کەڕەناژەنەکانی کورد

عەبدوڵڵا کۆمەڵە

پێش جەنگی جیهانیی یەکەم، کەشتییەکی بارهەڵگری عوسمانی لە ئیستانبووڵەوە بەرەو ئوم قەسر (ام قصر)ی باشووری عیراق بەڕێدەکەوێت، باری کەشتیەکە پڕ بووە لە هێستر کە بۆ هێزەکانی سوپای عوسمانی رەوانە کراوە، لەو سەردەمەدا هێستر لە گرنگترین هۆکارەکانی گواستنەوەی سەربازی بووە.

لەبەرئەوەی کەشتییەکە گەورە بووە، مەیتەرەکە (بەرپرسی خۆراکدانی هێسترەکان) لە رێگەی کەڕەنا (بوق)ێکەوە ئاگادار دەکرایەوە لە کاتی خواردنی هێسترەکان. کاتێک مەیتەرەکە دەنگی کەڕەناکەی دەبیست، دەستیدەکرد بە رۆکردنی ئالیک بۆ هێسترەکان و کارەکان بەم شێوەیە بەڕێوە دەچوون. سەرەڕای مەیتەرەکە، هێسترەکانیش لە زمانی کەڕەناکە تێگەییشتبوون و دەیانزانی هەرکاتێک ئەو دەنگە بەرز دەبێتەوە، ئیتر خۆراکیان پێ دەدرێت. بەم شێوەیە کەشتییەکە بەردەوام بوو لە رۆیشتن و کەڕەناکەش هەموو رۆژێک دوو جار دەنگی لێ بەرزدەبووەوە، کە نیشانەی ئەوەبوو کاتی خواردنی هێسترەکان هاتووە.

وا رێککەوت کەشتییەکە لە کاتی پەڕینەوەی بە کەناڵی سوێسدا لە کاتی دیاریکراوی خۆی دواکەوت، بەڵام لەکاتی بارکردنی ئالیکی هێسترەکاندا حیسابی دواکەوتنی کەشتیەکە نەکرابوو، بەڵکوو تەنها حیسابی کاتی ئاسایی گەشتەکە کرابوو، بۆیە ئالیکەکە هێواش هێواش لە کەمی دەداجو بە ناچاری ئالیکی هێسترەکانیان لە رۆژی دووجارەوە کەمکردەوە بۆ تەنها یەک جار لە رۆژێکدا.

بەهۆی کەمبوونەوەی خۆراکەکەیانەوە هێسترەکان برسی دەبوون و ناڕەزاییان دەردەبڕی و بە هەموو هێزی خۆیان سمیان دەکێشا بە زەویی کەشتیەکەدا، بەشێوەیەک کە بەرپرسانی کەشتیەکە ترسیان لە شکاندنی کەشتیەکە لا درووست بوو، بەهۆی هێزی پیاکێشانی هێسترەکانەوە، بۆیە ناچار بوون کۆببنەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کارەساتە، بۆ ئەوەی هێسترەکان کەشتییەکە نەشکێنن و نوقمی نەکەن.

لێرەدا بیرۆکەیەک بە مێشکی یەکێک لە دەستەی کەشتییەکەدا هات، ئەویش ئەوە بوو: کاتێک هێسترەکان تووڕە دەبن، کەڕەنا ژەنەکە دەستبکات بە بەرزکردنەوەی دەنگی کەڕەناکەی، ئیترهێسترەکانیش وا دەزانن خۆراکەکە نزیکە بگات و هێوردەبنەوە. ئیتر هەروایان کرد، هەر کاتێک هێسترەکان لە برساندا هار دەبوون و سمیان دەکێشا بە تەختەی کەشتیەکەدا، دەنگی کەڕەناکە بەرزدەبووەوە و ئەمانیش هێور دەبوونەوە.

گەشتەکە بەم شێوەیە بەردەوام بوو: هێسترەکان توڕە دەبوون و دەنگی کەڕەنا بەرزدەبوەوە، هێسترەکان بۆ ماوەیەک هێور دەبوونەوە. هێسترەکان توڕە دەبوون، بە دەنگی کەڕەنا هێور دەکرانەوە، دواتر کەمێک خواردنیان پێ دەدرا، ئیتر کارەکە بەم شێوەیە بەردەوام بوو، تا هێسترەکان گەیەنرانە عیراق و گەشتەکەش بە سەلامەتی کۆتاییهات.

دەسەڵاتدارانی هەرێمیش هەمان سیاسەتی “هێسترەوان”ی ناو کەشتیەکە پەیڕەو دەکەن، کاتێک خزمەتگوزاری نامێنێت و مووچە دوادەکەوێت و گەندەڵی و خزم خزمێنە و نادادی پەرەدەسێنێت، ئیتر میلەت لە حەوسەڵەیدا نامێنێت و توڕە دەبێت و دەنگ بەرزدەکاتەوە! ئا لەم کاتەدا فەرمان دەدرێت بە کەڕەنا لێدەرەکان، کەڕەناکانیان بخەنە کار.

ئیتر کەڕەناچیەکانیش دەکەونە جێبەجێکردنی ئەرکی سەرشانیان (حکومەتەکەمان ساوایە، هێزی هاوپەیمانان کشاونەتەوە و هەڕەشەمان لەسەرە، ئەم قەیرانە کاتییە، حکومەت لەسەر خەتە، ئەم قەیرانە تێدەپەڕێنین، پلانی وردمان بۆ چارەسەر داناوە وهەموو کێشەکان چارەسەر دەبن).

بەم شێوەیە رۆژ، مانگ و ساڵەکان تێدەپەڕن و نە قەیرانی مووچە و سووتەمەنی، نە قەیرانی ئاو و کارەبا، نە قەیرانی سیاسی و نە قەیرانی متمانە، هیچیان چارەسەر نابن و بوق لێدەرەکانیش هەر بەردەوامن.

خ.غ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان