كاره‌باى سلێمانى هه‌ڕه‌شه‌ى بڕینى كاره‌باى ماڵان ده‌كات

مه‌ودا میدیا-

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی كاره‌باى سلێمانى روونكردنەوه‌یه‌ك دەربارەی كوژانەوەی كارەباى هاوبەشانى كارەبا بڵاوده‌كاته‌وه‌.

هاوڵاتیان ئاگاداردەكەینەوە كە رۆژانە هەندێك ماڵ كارەبایان دەكوژێتەوە، بەهۆی یەكێك لەم حاڵەتانەی خوارەوەیە و خاڵ بە خاڵ روونیدەکەینەوە بۆ ئەوەی تووشی کارەبا بڕین نەبن:
1- دوای دەرچوونی پسولەی مانگانە و دوای (50) رۆژ لە دابەزینی لە سیستمى (ئیندرا)و (ئی_پسولە)، ئەگەر هاوبەشەكە پارەنەدات كارەباكەی دەكوژێتەوە، هەرکات پارەكەی دا لە ماوەی (24) كاتژمێردا كارەباكەی هەڵدەبێتەوە، له حاڵەتى هەڵنەبوونەوەی کارەباکەی پێویستە پەیوەندی بە ژمارە (1992) بكات و ئاگاداریان بكاتەوە كه پارەی کارەبای رادەست کردوە و کارەبای بۆ نەگەڕاوەتەوە بۆ ئەوەی راستەوخۆ لە رێگەی سیستمەوە کارەبای بۆ بگەڕێننەوە یان لەلایەن تیمی تایبەت سەردان دەكرێت و کارەبای بۆ هەڵدەکرێتەوە.
2- ئەو هاوبەشانەی كارەبا كە پێوەری زیرەكیان هەیە و لینك نەكراوە، تیمێكی تایبەت سەردانیان دەكات بۆ (لینك) كردن، ئەگەر هاوبەشەكە لە ماڵ نەبوو (پسولەی ئاگاداری پێدەدرێت) پێویستە پەیوەندی بە ژمارە (1992) بكات تا زانیارییەكان تۆمار بكەن بۆ ئەوەی تووشی بچڕانی کارەبا نەبن لە کاتی سەردانی تیمەکان بۆ لینک کردن هاوكاری تیمەكان بن كارەبایان نابڕدرێت، بەپێچەوانەوە كارەبایان دەبڕدرێت.
3- ئەو شوێنانەی كە كارەبایان هەیە، بەڵام بەفەرمی هاوبەشی كارەبایان نەكردوەتەوە، ئەمانەش كارەبایان دەكوژێتەوە تا ئەو كاتەی هاوبەشی دەكەن و دواتر كارەبایان هەڵدەبێتەوە.
4- ئەو شوێنانەی كارەبایان (سواپە) واتە بە هەڵە لینکی پێوەری زیرەکیان بۆ کراوە، واتە لەگەڵ ماڵێکی دراوسێیان تێكەڵاوبوون روویداوە، دوای سەردانیكردن كێشەكەیان چارەسەر دەكرێت و كارەبایان هەڵدەبێتەوە.
هەروەها هاوڵاتیان دڵنیادەكەینەوە كە تا ئیستا كارەبا بڕین لەسەر پارەی قەرز نییە، بەڵكو لەسەر پارەدانی مانگانەیە، بەڵام دوای كۆتاییهاتنی ماوەی لێخۆشبوون كە (18/10/2026) كۆتایی دێت، قەرزی كۆن دەكرێت بە (قسیت)ی مانگانە و بە ئیجباری وەردەگیرێتەوە و هەمان ماوەی (50) رۆژی پارەدانی كارەبای مانگانەی بەسەردا جێبەجێ دەكرێت و كارەبای دەكوژێتەوە.
هەروەها هاوڵاتیان دڵنیادەكەینەوە كە بەردەوام رۆژانە تا كاتژمێر (12)ی شەو تیمی تایبەت ئامادەیە بۆ هەڵكردنەوەی كارەبای ئەو ماڵانەی كە نەتوانراوە لە ماوەی (24) كاتژمێردا هەڵبێتەوە.
بۆ ئەوەی رێگری بکەیت لە بڕینی کارەباکەت تکایە :
1- مانگانە لەکاتی خۆیدا پێش ئەوەی کارەباکەت ببڕدرێت پارەی کارەباکەت بدە.
2- سەیری پسولەی کارەباکەت بکە ئەگەر بە پێوەری کلاسیک پارەت بۆ دێتەوە و پێوەری زیرەکت هەیە، خۆت سەردانی فەرمانگەکانی کارەبا بکە بۆ ئەوەی پێوەرەکەت بۆ لینک بکرێت.
3- ئەگەر کارەبات هەیە و هاوبەشیت نییە، پێش ئەوەی توشی بڕینی کارەبا ببیت بەفەرمی هاوبەشی بکەرەوە بۆ ماڵ، دوکان، باخ یان هەر جۆرە پۆلێکی کارەبا.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی كاره‌باى سلێمانى

ع

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان