مەودا میدیا-
سەرەڕای ئەو دابەزینە لە ناكاوەی سەرەتای ئەم هەفتەیە دوای كردنەوەی بازاڕەكان لە نرخی زێڕدا روویدا، ئەمڕۆ جارێكیتر نرخی ئەو كانزایە بەرزبوویەوە.
پێشڕەو محەممەد، شارەزاری بازاڕە داراییەكان بە مەودا میدیای راگەیاند” دەنگۆی دووبارە دەستپێكردنەوەی دانوستانەكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران هۆكاری سەرەكییە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ”.
وتیشی” هەركات گەرووی هومرز بكرێتەوە و نرخی نەوت دابەزێت، ئەوا لە بەرامبەردا خەڵك روو لە كڕینی زێڕ دەكەن و نرخەكەی بەرزدەبێتەوە، بۆیەش ئێستا كە دەنگۆی رێكەوتن و كردنەوەی گەرووی هورمز هەیە، بووەتە هۆكار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی كانزا زەردەكە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد”لەبەرئەوەی دووبارە دانوستانی ئەمەریكا و ئێران تا ئێستا بە تەواوی یەكلایی نەبووەتەوە، بۆیە نرخی ئاڵتوون لە دوێنێوە بە هێواشی بەرزبووەتەوە، بەڵام ئەگەر هەواڵە یەكلایی ببێتەوە و بازرگانان دڵنیابن لە دانیشتنەكە، ئەوا نرخی ئەو كانزایە زیاتر بەرزدەبێتەوە، لە حاڵەتێكیشدا كە بگەنە رێكەوتن ئەوا نرخەكەی بە رێژەیەكی زۆر و لەناكاو بەرزدەبێتەوە”.
ئێستا نرخی یەك ئۆنسە زێڕ لە بازاڕەكانی جیهاندا بە 4,777 دۆلار مامەڵەی پێوە دەكرێت.
ئ پ