خالید عەزیزی: شەڕی ئەمەریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران شەڕی ئێمە نییە

مەودا میدیا-

وتەبێژی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ئاشکرایکرد حزبەکەیان خاوەن پاشخان و رابردوویەکی گەورەیە لە خەبات و تێکۆشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و چەندین هەوراز و نشێویان بینوەو تاوەکو ئێستا ئەمەریکا و ئیسرائیل داوای لێنەکردوون بۆ هێرشی زەمینی و دەستپێکردنەوەی چالاکییەکان لە رۆژهەڵات، هەروەها پێدانی چەک بە هێزەکانیان دوورە لە راستییەوە.

خالید عەزیزی، وتەبێژی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران رایگەیاند “حزبی دیموکرات کەرەستە و بەرهەمی شەڕ و هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل نییە بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڵکو بەرهەمی رابردوویەکی دوور و درێژە لە تێکۆشان، بۆیە ئەگەر ئاڵوگۆڕێک بێتە ئاراوە بۆ چوونەوە ناوخۆی کوردستانی ئێران ئەوە باشترین شتە، بەڵام لە ئێستادا بەرنامەیەکیان نییە بۆ دەستپێکردنی شەڕێک، ئەوان بەپێی گۆڕانی دۆخەکە هەڵوێست وەردەگرین، چونکە ئەو شەڕە شەڕی کورد نییە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “کورد و حزبی دیموکرات بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە دەکەن و لەئێستادا ئامانجەکانی ئەمەریکا ناڕوونە و نازانن واشنتۆن ئاشتیی یان بەردەوامیدان بە شەڕ هەڵدەبژێرێت”.

ئەوەشی خستەڕوو “هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل لەپێناو ئازادی کورد و گەلانی ئێران نەبوو بەڵکو ئامانجەکانی ئەوان لە کۆتاییهێنان بە پشتیوانی گرووپە چەکدارەکان لەلایەن تاران و لەناوبردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بووە”.

باسی لەوەشکرد “بە ویست و ئارەزووی خۆیان لە کەمپەکانی باشووری کوردستان نین بەڵکو جێگەی ئەوان رۆژهەڵاتی کوردستانە و لەئێستاشدا بەشێکی زۆری لایەنگرانیان لەناوخۆی رۆژهەڵات ماونەتەوە بەڵام بە بڕیاری نەتەوەیەکگرتووەکان خێزانەکایان لە کەمپەکانی باشوور نیشتەجێکراون”.

وتیشی “گۆڕانکاریی لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئیران لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە ناکرێت بەڵکو لە تارانەوە دەکرێت بەڵام تاوەکو ئێستا ئەمەریکا هیچ هەنگاوێکی بۆ ئەو مەبەستە نەناوە، تائێستاش هیچ لایەنێکی نەتەوە جیاوازەکانی ئێران ئەلتەرناتیڤیان بۆ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی نەبووە”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان