مەودا میدیا-
بە مەبەستی رێگریكردن لە فێڵی باج، دەستەی گشتیی گومرگی عیراق بڕیاری زیادكردنی باجی لەسەر زێڕ و ئۆتۆمبێل خستە بواری جێبەجێكردنەوە.
سامر قاسم، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگی عیراق رایگەیاند” بڕیاری زیادكردنی باج لەسەر ئۆتۆمبێل و زێڕ”كتوپڕ نەبووە” و بازرگانان پێشوەختە لێی ئاگادار كراونەتەوە، چونكە ساڵی رابردوو دەرچووە و پێش دوو مانگ لە جێبەجێكردنی گشتێندراوە بۆ هەموو دامودەزگاكان”.
وتیشی” زیادكردنی باج لەسەر زێڕ و ئۆتۆمبێل هیچ كاریگەرییەكی لەسەر گرانبوونی ماددە خۆراكییەكان نابێت، چونكە زۆربەی ئەو دراوە قورسەی بۆ هاوردەكردن دەچێتە دەرەوەی وڵات، بۆ كەلوپەلی لاوەكی و جوانكاریی بووە نەك ماددە خۆراكییەكان و لەگەڵ ئەوەشدا باج لەسەر ماددە خۆراكییەكان تەنها 01% زیاد كراوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد” ئامانجی سەرەكی ئەم گۆڕانكارییە، رێگریكردنە لەو كۆمپانیایانەی فێڵ لە باج دەكەن، چونكە پێشتر هەندێك كۆمپانیا بۆ ماوەی ساڵێك دادەمەزران و كەلوپەلیان هاوردە دەكرد، دواتر بێ ئەوەی باج بدەن كۆمپانیاكەیان دادەخست و بە ناوێكی دیكە كۆمپانیایەكی نوێیان دەكردەوە، ئەمەش وایكردبوو خۆیان لە بڕێكی زۆری باج بدزنەوە”.
ئ پ