تەڤگەری ئازادیی: هیچ پاساوێک بۆ تورکیا نەماوەتەوە

مەودا میدیا-

بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادیی ئاشکرایکرد بە تێکدانی ژمارەیەک تونێل و قەڵای سەربازیی، کشانەوەی تەواوی هێزەکانی لە ناو خاکی تورکیا و ناوچە سنوورییەکان ئاشکراکرد.

بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادیی رایگەیاند “دەوڵەتی تورک ئیتر بەهیچ شێوەیەک ناتوانێت باسی مەترسییەکی چەکداری لەسەر تورکیا بکات، هه‌مو جۆرە هەنگاوێکی چارەسەرییان بۆ پرسەکە ناوە کە لە هیچ شوێنێکی جیهاندا نەبینراوە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “نەک تەنها کورد، بەڵکوو هەمو ئەوانەی دیموکراتیکبوونی تورکیایان دەوێت، باوەڕیان بەوە هێناوە کە بە سەرکەوتنی پرۆسەکە هەموو گەلانی تورکیا قازانج دەکەن، لەبەر ئەوەی بینییان پرسی کورد کە چارەسەر نەکراوە، سەرچاوەی هەمو کێشەکانە”.

ئەوەشی خستەڕوو “عەبدوڵڵا ئۆجەلان، دەرکردنی یاسایەکی چوارچێوەی بۆ چارەسەریی پرسی کورد لەسەر بنەمای دیموکراتیکبوون بە زۆر گرنگ زانی کە وەک یاسای بنچینەییش باسی کرد، لە دیدارەکەدا لەگەڵ هەموو دەوڵەتدا لەسەر گرنگیی ئەمە راوەستا، لەم چوارچێوەیەدا دیاریکرد کە دوای دەرکردنی یاسای چوارچێوە دەبێت یاساکانی ئازادی دەربکرێن”.

دەقی راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادیی:

دوو ساڵ بەسەر پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا تێپەڕی کە لە ٢٣ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ـەوە بە وەڵامی ڕێبەر ئاپۆ بۆ دەوڵەت باخچەلی دەستی پێ کرد، کە ڕێبەر ئاپۆ وتویەتی: “من ئەو توانایەم هەیە کە زەمینەی شەڕ تێپەڕێنم بۆ زەمینەی یاسایی و سیاسی.’ ڕێبەر ئاپۆ لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا زۆر هەوڵی دا و پرۆسەکەی گەیاندە ئەم ئاستە.

بە بانگەوازیی ٢٧ـی شوباتی ٢٠٢٥ـی ڕێبەر ئاپۆ، تەڤگەرەکەمان ڕاگرتنی شەڕی ڕاگەیاند، بە کۆنگرەی ١٢هەمین کە لە نێوان ٥ تا ٧ـی ئایاردا بەڕێوەی برا، کۆتایی بە کار و چالاکییەکان لەژێر ناوی پەکەکەدا هێنا و کۆتایی بە تێکۆشانی چەکداریی دژی تورکیا هێنا.

لە کۆنگرەکەدا بڕیار درا کە دەبێت پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بە هەموو لایەکەوە لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە بەڕێوە بچێت، بەم شێوەیە دڵسۆزی بۆ ئیرادەی چارەسەریی سیاسیی دیموکراتیکی پرسی کورد جارێکی تر دەستنیشان کرایەوە کە ڕێبەر ئاپۆ لە ساڵی ١٩٩٣دا دەستی پێ کردبوو.

هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە بەسێ هۆزات لەگەڵ ٣٠ هەڤاڵ لە ١١ـی تەممووزی ٢٠٢٥دا وەک هێمای ئیرادەی کۆتاییهێنان بە تێکۆشانی چەکداریی دژی تورکیا، چەکیان سووتاند، بەم شێوەیە گۆڕانکارییە ستراتیژییەکەمان بە بەرجەستەیی نیشان درا.

دوای بڕیارەکەمان بۆ کۆتاییهێنان بە تێکۆشانی چەکداری، ئەو گەریلایانەی لە دوای یەک لە ناو سنوورەکانی تورکیا کشێنرانەوە، لە ٢٦ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥دا لەگەڵ ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە هەڤاڵ سەبری ئۆکدا دڵسۆزی بۆ تێکۆشانی سیاسیی دیموکراتیک و کۆتاییهێنانی تێکۆشانی چەکدارییان بۆ ڕای گشتییان ڕاگەیاند.

ڕێبەر ئاپۆ و تەڤگەرەکەمان چەندین جار بە ڕاگەیەندراو بە زمانێکی ئاشکرا ڕایانگەیاند کە لەسەر بنەمای دیموکراتیکبوون ئەوان چارەسەریی پرسی کوردیان هەڵبژاردووە، گەلی کورد، رای گشتیی تورکیا و جیهان ئەم هەڵوێستەی تەڤگەرەکەمانیان بە ڕاست بینی و پشتگیرییان کرد. دەستنیشانیان کرد کە هەڵوێستی ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە بۆ تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەردەمێکی نوێ دەست پێ دەکات، لە تورکیا دوو ساڵە شەڕ روو نادات، گەنجێک لە تورک و کورد ژیانی لە دەست نادات، ئەم دۆخە گرنگی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەخاتە بەر چاو.

نەک تەنیا کورد، بەڵکو هەموو ئەوانەی دیموکراتیکبوونی تورکیایان دەوێت، باوەڕیان بەوە هێناوە کە بە سەرکەوتنی پرۆسەکە هەموو گەلانی تورکیا قازانج دەکەن، لەبەر ئەوەی بینییان پرسی کورد کە چارەسەر نەکراوە، سەرچاوەی هەموو کێشەکانە. لە هەردوولا بە هەزاران کەس ژیانیان لە دەست دا، بۆ جەنگ بە تریلیۆنان دۆلار خەرج کرا، نەک تەنیا لە سیاسەتی ناوخۆدا، بەڵکو لە سیاسەتی دەرەوەشدا ئەمە بووە لایەنی لاوازی دەوڵەتی تورک.

خراپترینیشیان پچڕانی نێوان گەلانی کورد و تورکە کە نزیکەی هەزار ساڵە وەکو دراوسێی لەگەڵ یەکترن، دژایەتی و پچڕانێک کە بە سەدان ساڵ لە هیچ سەردەمێکدا نەبینراوە، کەوتە نێوان کوردان و دەوڵەتی تورکەوە، ئامانج لە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک ئەوەیە کە ئەم دژایەتییە و جەنگی چەکداری کۆتایی پێ بهێنێت، بە ئینتێگراسیۆنی دیموکراتیک کۆتایی بە پچڕانی فرەلایەنیی نێوان تورکیا و کورد بهێنێت.

ڕێبەر ئاپۆ ئەم چارەسەرییەی نەک تەنیا وەک هەڵبژاردنێکی سیاسی خستە ڕوو، بە مانیفێستۆی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ڕاگەیەندراوی ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک و کۆماری دیموکراتیک، بنەما بنەڕەتییە تیۆریی و ئایدۆلۆژییەکانیشی دانا، لەم چوارچێوەیەدا بۆ پێشخستنی پرۆسەکە ئیرادەیەکی بەهێز و هەوڵێکی گەورەی نیشان دا. تەڤگەری ئازادییمان بەگوێرەی پێویستییەکانی ئەم پرۆسەیەی کە ڕێبەرمان بەڕێوەی دەبات، هەڵسوکەوتی کرد.

لەناو ئەتمۆسفێرێکی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا کە بە ئیرادەی ڕێبەر ئاپۆ و هەنگاوەکانی تەڤگەرەکەمان دروست بوو، لە پەرلەماندا لە مەسەلەی چارەسەریی دیموکراتیکی پرسی کورددا کۆمیسیۆنێک دامەزرا، ئەم کۆمیسیۆنە لەگەڵ زۆر کەس و چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکاندا دیدار و چاوپێکەوتنی ئەنجام دا کە زۆرینەی پارتە سیاسییەکان ئەندامیان ناردە ئەم کۆمیسیۆنە. کۆمیسیۆنەکە چاوی بە ڕێبەر ئاپۆ کەوت و ڕاپۆرتێکی ئامادە کرد.

سەرەڕای کەموکوڕی و هەڵە جیدییەکانیشی، ئەو کۆمیسیۆنەی لە پەرلەماندا دامەزرا، پەیوەست بە کێشەی کوردەوە ڕاپۆرتێکی ئامادە کرد، لەم ڕاپۆرتەدا تا ئاستێک دەستنیشان کرا کە پرسی کورد بە ڕێگا و شێوازە چەکدارییەکان ناتوانێت چارەسەر ببێت، پرسەکە بە دیموکراتیکبوون دەتوانێت چارەسەر ببێت، لەبەر ئەوە وەک ئاستی دەستپێک ئاماژەی بە هەندێک هەنگاو کرد کە ئیرادەی سیاسی دەتوانێت بیانگرێتەبەر. بەڵام ئیرادەی سیاسی نە ئەم هەنگاوانەی نا و نە لە مەسەلەی دیموکراتیکبوونیشدا کەوتەناو هیچ هەوڵێکەوە.

ڕێبەر ئاپۆ دەرکردنی یاسایەکی چوارچێوەی بۆ چارەسەریی پرسی کورد لەسەر بنەمای دیموکراتیکبوون بە زۆر گرنگ زانی کە وەک یاسای بنچینەییش باسی کرد، لە دیدارەکەدا لەگەڵ هەموو دەوڵەتدا لەسەر گرنگیی ئەمە ڕاوەستا، لەم چوارچێوەیەدا دیاری کرد کە دوای دەرکردنی یاسای چوارچێوە دەبێت یاساکانی ئازادی دەربکرێن و لە هەر دەرفەتێکدا گرنگیی ئەمەی دەستنیشان کرد.

بەڵام یاسای چوارچێوەی کە ئامادە کرابوو، لەسەر ئەو چوارچێوەیە نەبوو کە ڕێبەر ئاپۆ دیاریی کردبوو، تەڤگەری ئازادیی ئێمەش ڕا و پێشنیارەکانی خۆی لەسەر ئەم یاسای چوارچێوەیە هەم بە نێوەندگیری نێوان ئێمە و دەوڵەتدا و هەم لەڕێگەی سەرچاوە کراوەکانەوە باسکرد. ئەم ڕا و پێشنیارە بە بنەما نەگیران و پشتگوێ خران، ڕێبەر ئاپۆ وەک ڕێکخەری ئاشتی و سیاسیبوون؛ بۆ ئەوەی بتوانێت لەناو مەرجە ئازادەکاندا کار بکات و بە ڕۆڵی خۆی هەستێت، ئەم یاسایەی وەک هەنگاوی یەکەمی هەزار هەنگاو هەڵسەنگاند.

تەڤگەرەکەمان لەبەر ئەوەی دەرکردنی یاساکەی لە ناوەڕۆکی مەرجە سیاسییە هەنووکەیییەکان جیاوازتر و بە گرنگ زانی، هەڵوێستێکی دژایەتیی نیشان نەدا، بەڵام دەستنیشانی کرد کە یاساکە بە شێوازێکی جیدی کێشەی تێدایە، لەبەر ئەوەی یاساکە ڕێبەرەکەمان و بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادیی لە دەرەوە هێشتەوە و بەم شێوەیە هەر لە سەرەتاوە کەوتە ناو دۆخێکی زەحمەت لە جێبەجێکردن و بێواتاییدا، وەک یاسایەک کە ئیرادەی پەرلەمانی سنووردارکرد، شوێنی خۆی لەناو مێژوودا گرت، لەکاتێکدا پەرلەمان دەتوانێت ببێتە سەکۆیەکی بنەڕەتی بۆ چارەسەریی پرسی کورد.

دەسەڵاتی ئاکەپە دوای ئەم یاسایە هیچ هەنگاوێکی نەنا، لە کاتی ئامادەکردنی یاساکەدا سەرەڕای ئەوەی بەرپرسانی دەوڵەت بەڵێنیان دا کە بە تایبەتی ڕێبەرمان و ڕۆژنامەنووسان دەتوانن لەگەڵ چەندین لایەن کۆببێتەوە، بەڵام لەم بابەتەشدا هیچ هەنگاوێک نەنرا، جگە لە دیداری ئیمراڵی-شاندی دەم پارتی گۆشەگیری لەسەر ڕێبەر ئاپۆ بەردەوام بوو، تەڤگەری ئازادیمان سەرەڕای ئەمەش، بۆ ئەوەی دەسەڵاتی ئاکەپە ئیدی هیچ بیانوویەک نەهێنێتەوە و نزیکایەتی کەموکوڕی بۆ پرۆسەکە نەکاتە بیانوو، چەندین ڕۆژ پێش ئێستا هەموو هێزەکانمان کە لە ناو تورکیادا بوون و هیچ مەترسییەکی شەڕیان نەبوو، بە تەواوی کشانەوە.

هەروەها هەمان ڕۆژ چوار تونێلی شەڕ و سەنگەرمان لە مەتینا لە ڕۆژئاوای زاپ، سەرەڕای ئەوەی دوورن لە سنوورەوە و هەڕەشە نیین لەسەر دەوڵەتی تورک، چۆڵمان کرد، بە کورتی هەموو هێزە چەکدارەکانمان کە لە ناو سنوورەکانی تورکیا و لەو ناوچانەی نزیکی سنووری تورکیان کشانەوە، بەم شێوەیە هەموو پێویستییەکانی کۆتایی هێنان بە تێکۆشانی چەکداری لە دژی تورکیا و ستراتیژی تێکۆشانی سیاسیی دیموکراتیک بە تەواوی جێبەجێ کراون.

دەوڵەتی تورک ئیدی بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت باسی مەترسییەکی چەکداری لەسەر تورکیا بکات. وەک تەڤگەری ئازادی جۆرە هەنگاوێکی چارەسەرییمان بۆ پرسەکە ناوە کە لە هیچ شوێنێکی جیهاندا نەبینراوە، ئەگەر مانا و بەهای ئەم هەنگاوانە نەزانرێت، بە تایبەتی لە پرسی ئازادیی ڕێبەرمان و لە بابەتی یاساکانی ئازادیدا هەنگاو نەنرێت، ئەوە ئەمە ئەو مانایە دەگەیەنێت کە دەوڵەتی تورک سیاسەتی نکۆڵی و لەناوبردنی سەد ساڵەی خۆی درێژە پێ دەدات.

نزیکایەتی لە ڕێبەر ئاپۆ و ڕەخساندنی مەرجەکانی ئازادی کارکردن و ژیانی ڕێبەر ئاپۆ بێ هیچ کۆسپێک، دەبێتە نیشانەی نزیکایەتی دەسەڵاتی ئاکەپە لە پڕۆسەکە، ئەگەر لەم بابەتەدا بێ‌دواکەوتن هەنگاو نەنرێت، ئەوە نیگەرانی و گومانەکانی ناو گەلەکەمان و تەڤگەری ئازادیمان سەبارەت بە پرۆسەکە پشتڕاست دەبێتەوە، ئەمەش بە هەموو شێوەیەک کاریگەری لەسەر هەڵوێستەکان دەبێت، پێکهاتەی ڕێکخستنی ئێمە لە پێش هەموو شتێکەوە لەسەر بنەمای نزیکایەتی لە ڕێبەر ئاپۆ نزیکی پرۆسەکە دەبێتەوە. لەبەر ئەوەی نزیکایەتی لە ڕێبەر ئاپۆ وەک نزیکایەتی لە گەلی کورد و چارەسەرکردنی پرسی کورد دەبینرێت.

لە بەردەم ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ و هەنگاوەکانی تایبەت بە یاساکانی ئازادیدا هیچ کۆسپ و هیچ بیانوویەک نەماوە. ئەگەر دەوڵەتی تورک دەیەوێت پرسی ١٠٠ ساڵەی کورد نەک بە ڕێگەی چەک، بەڵکوو لەسەر بنەمای دیموکراتیزەبوون چارەسەر بکات، ئەوا بۆ پێشکەوتنی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەبێت هەنگاوە پێویستەکان بێ‌دواکەوتن بنێت.

پرسی ١٠٠ ساڵەی تورکیا ئەوەندە گرنگە کە نابێت لەگەڵ هەڵبژاردن و سیاسەتە ناوخۆییەکانی ڕۆژانەدا هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. پرسی پارتێک نییە، پرسی گەلانی تورکیا و هەموو هێزە سیاسییەکانە، ئەگەر دەسەڵاتی ئاکەپە دەڵێت، ئەم پرۆسەیە لە کاتدا بڵاو دەکەمەوە، تەڤگەری ئازادیی کورد لاواز دەکەم و لەم بابەتەدا سیاسەتی پێشوو درێژە پێ دەدەم، ئەوا ئەمە دەبێتە گەورەترین هەڵەی مێژووی تورکیا، ئەوا ئەمە بە مانای لەناوبردنی سیاسەتەکانی ڕێبەر ئاپۆ و تەڤگەرەکەمان بۆ بەرژەوەندییەکانی گەلانی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوین دێت. بەم شێوەیە زیانێکی زۆر گەورە بە گەلانی تورکیا دەگەیەنێت.

بۆ ئەوەی دۆخێکی لەم شێوەیە نەیەتە ئاراوە، ئێمە بە بەرپرسیارێتییەکی گەورەوە هەوڵمان دا ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانمان جێبەجێ بکەین، ئەگەر ئەم لەم نزیکایەتییەی ڕێبەر ئاپۆ و تەڤگەرەکەمان بە درووستی تێنەگەن، هەروەها وەک لاوازییەک ببینرێت، جگە لە نزیکایەتی سیاسیی نزم، ئەمە هیچ مانایەکی تری نابێت.

ئێمە بانگەواز لە دەسەڵات دەکەین کە دەستبەرداری ئەم نزیکایەتییە بێت، هەروەها بانگەواز لە گەلانی تورکیا، هێزەکانی دیموکراسی و وڵاتپارێزانی تورکیا دەکەین کە بۆ پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بە پێشەنگایەتیی ڕێبەر ئاپۆ بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە بکەن، لەبەر ئەوەی ئەم پرسە پرسی پارتێک و دەسەڵاتێک نییە، پرسی داهاتوویەکی دیموکراتیک و ژیانی ئازادی گەلانی تورکیایە.

ئەگەر پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک تەنها وەک پرسێک لە نێوان ئاکەپە و تەڤگەری ئازادیدا ببینرێت، ئەوا ئەمە بە مانای نەبینینی ڕاستییەکە دێت، ئەو پرسانەی کە گەلانی تورکیا سکاڵای لێ دەکەن و دەیانەوێت چارەسەر بکرین، هەموویان بەهۆی چارەسەرنەکردنی پرسی کوردەوەیە، لەبەر ئەوە دەبێت گەلانی تورکیا و هێزەکانی دیموکراسی بە شێوازێکی چالاک بەشداری لەم پرۆسەیەدا بکەن.

بۆ هێزە کۆمەڵایەتییەکان و تەواوی گەلانی تورکیا ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی مێژووییە کە ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک لەناو ببەن و ئەو پرۆسەیەی کە بۆ گەلانی تورکیا دەرفەتێکی مێژووییە، سەرکەوتوو ببێت”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان