مەودا میدیا-
ئەندامێکی پەرلەمانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاشکرایکرد بەپێی دواین سەرژمێریی بۆ ساڵی 2024، رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان 14.14%یەو پێویستە ببێتە بنەما بۆ پشکی هەرێم لە بودجەی گشتیی 2027ی عیراق.
دیلان غەفور، ئەندامی پەرلەمانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتی رایگەیاند “وەزارەتی پلاندانانی عیراق بە رێکارێکی نازانستیی و نایاسایی دوای کۆمەڵێک لێدەرکردن وەک هەژمارنەکردنی ئەو کەسانەی خەڵکی پارێزگاکانی ترن و لە هەرێم نیشتەجێن، ئەو پشکەی کردووە بە 12.7%، لە کاتێکدا ئەو هاوڵاتییانەی لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن سوودمەندن لە تەواوی خزمەتگوزارییەکانی حکومەت لە پەروەردەو تەندروستییەوە تا سەرجەم خزمەتگوزارییەکان و پێویستە لە بودجەدا وەک پشکی هەرێمی کوردستان هەژمار بکرێن”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “لەئێستادا رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجە گەڕێندراوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی، باشترین کاتە بۆ جێگیرکردنی پشکی هەرێمی کوردستان بە 14.14%،و پێویستە شاندی حکومەتی هەرێم لە بەغدا بن بۆ پێداگریی و ئەوانیش وەک پەرلەمانتارانی کورد بە یەک دەنگ پشتیوانیی جێگیرکردنی ئەو پشکە دەکەن و رازی نین بە 12.7% کە وەک پشکی هەرێمی کوردستان لە رەشنووسەکەدا دیاریکراوە”.
ئەوەشی خستەڕوو “جیگیرکردن و تێپەڕاندنی پشکی هەرێم بە 12.7% لەبری 14.14% کاریگەرییەکەی تەنها لە بودجەدا کورت نابێتەوەو کاریگەریی نەرێنیی لەسەر سەنگ و قورسایی هەرێمی کوردستان دەبێت و رەنگە کاریگەریی لەسەر ژمارەی پەرلەمانتارو نوێنەرایەتیی هەرێمی هەبێت لە بەغدا”.
ب ح