مەودا میدیا-
ئەمڕۆ شەممە 24ی تشرینی یەكەم، نرخی زێڕ لە بازاڕەكانی جیهاندا دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، كە ئەم دابەزینەش هاوكاتە لەگەڵ داخستنی بازاڕە جیهانییەكان لە كۆتایی هەفتەدا و دوای زیانێكی زۆر دێت بۆ ئەو كانزا بەنرخە بەدرێژایی هەفتەكە.
پێشڕەو محەممەد، شارەزای بازاڕە داراییەكان بە مەودا میدیای راگەیاند” دابەزینی نرخی زێڕ لە كاتێكدایە كە فشارە بەردەوامەكانی جیهان لەسەر كانزا زەردەكە دابەزیوە، بۆیە ئێستا بۆ خوار ئاستی چوار هەزار دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەك دابەزیوە”.
وتیشی “هۆكاری ئەم دابەزینە زۆرەی نرخی زێڕ بە پلەی یەكەم دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، نوێبوونەوەی نیگەرانییەكان سەبارەت بە هەڵاوسان لە ئەمەریكا لەگەڵ زۆری پێشبینییەكان بۆ مانەوەی رێژەی سوود بە بەرزی بۆ ماوەیەكی درێژتر”.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد “بەرزبوونەوەی تێچووی وزە ئەگەری فشارە بەردەوامەكانی هەڵاوسان زیاد دەكات، كە رەنگە ببێتە هۆی ئەوەی یەدەگی فیدراڵی (بانكی ناوەندی ئەمەریكا) بۆ ماوەیەكی درێژتر رێژەی سوود بە بەرزی بهێڵێتەوە كە ئەوەش دەبێتە هۆی دابەزینی زیاتری نرخی زێڕ”.
ئەوەش لە كاتێكدایە كە دوێنێ نرخی یەك ئۆنسە زێڕ دابەزی بۆ 3,975 دۆلار، بەڵام پێش داخستنی بازاڕەكان كەمێك بەرزبوویەوە و گەڕایەوە بۆ 3,996 دۆلار و تا رۆژی دووشەممەش لەو نرخەدا دەمێنێتەوە.
ئ پ