بێری غەریب
لەم سەردەمەدا کە خێرایی ژیان هەموو شتێکی گۆڕیوە، مرۆڤ زیاتر لە هەر کاتێکی تر لەناو “دنیای دووبەرەکی”دا ژیان دەکات، بەداخەوە دنیایەک کە تێیدا رووەکان زۆرن، بەڵام راستییەکان کەمتر دەبینرێن، مرۆڤەکان بە شێوەیەک دەدوێن و بە شێوەی لە ناخەوە بۆگەنن ئەندازەی نییە، لە رووکەش و رووخسار یان خەندەی لێ دەبارێت، بەڵام لە ناخیاندا شەڕێکی بێدەنگ هەڵگیرساوە، ئەم دووبەرەکییە تەنها تایبەت بە تاک نییە، بەڵکو بووەتە بەشێک لە ژیانی کۆمەڵگە، سیاسەت، پەیوەندییەکان و تەنانەت خۆشەویستیش.
مرۆڤی ئەمڕۆ زۆرجار ناچارە دوو ژیان بژیت، یەکێکیان ئەو ژیانەیە کە خەڵکی دەیبینن و ئەوی تریان ئەو ژیانەیە کە تەنها خۆی هەستی پێدەکات، لە سۆشیال میدیادا وێنەی خۆشحاڵی بڵاودەکرێتەوە، بەڵام لە پشت شاشەکاندا دڵێک هەیە کە لە تەنیایی دەگرێت ئەگەرچی خەڵکی بە جوانترین وشە باسی مرۆڤایەتی دەکەن، بەڵام لە کرداردا رەنگە کەمترین مانای مرۆڤایەتی نیشان بدەن. ئەمەیە واتای دووڕوویی و خۆشاردنەوە لە خودی راستگۆییە .جیاوازیی نێوان وتە و کردار، نێوان رووخسار و ناخ.
لە بواری سیاسەتیشدا، دووڕوویی و دووبەرەکی بە شێوەیەکی روونتر دەردەکەوێت، زۆر جار ناوی خزمەت بە گەل دەهێنرێت، بەڵام لە ژێر ئەو ناوانەدا بەرژەوەندییە تایبەتییەکان دەشاردرێنەوە و دروشمی یەکگرتن بەرزدەکرێتەوە، بەڵام کردارەکان جیاکردنەوە و دوورخستنەوە دروستدەکەن. گەل لەنێوان هیوا و ناڕەزایی دەژێت، چونکە ئەوەی دەبیسترێت زۆرجار جیاوازە لەوەی روودەدات.
لە پەیوەندییە مرۆییەکانیشدا، دووبەرەکی بووەتە ئازارێکی بێدەنگ. هەندێک کەس بە زمانی خۆشەویستی دەدوێن، بەڵام دڵیان پڕە لە ساردی. هەندێکی دیکە بەردەوام لەگەڵ خەڵک خەندە دەکەن، بەڵام لە ناخیاندا متمانەیان بە هیچ کەسێک نەماوە. مرۆڤەکان ترسیان لەوە هەیە راستییەکانی خۆیان پیشان بدەن، بۆیە ماسک لەسەر روویان دەکەن؛ ماسکی هێز، ماسکی خۆشحاڵی، یان ماسکی بێجێگرتنی ئازار.
بەڵام لە هەموو ئەم دووبەرەکییانەدا، هێشتا راستییەک هەیە: مرۆڤ هەرگیز ناتوانێت تا کۆتایی لە دووڕوو بژیت. رۆژێک دێت ناخی مرۆڤ بەهێزتر دەبێت لەو ماسکانەی دەیانپۆشێت، چونکە راستی، هەرچەندە دوابکەوێت، بەڵام هەمیشە دەردەکەوێت. مرۆڤێک کە لەگەڵ خۆی راستگۆ بێت، دەتوانێت لەگەڵ دنیایش ئارام بێت؛ بەڵام ئەوەی لەناو دووبەرەکیدا دەژی، هەمیشە لەنێوان ئارەزوو و راستیدا ون دەبێت.
دنیای دووبەرەکی، تەنها باسێک لەسەر خەڵکی تر نییە؛ ئەوە ئاویێنەیەکە کە هەندێکجار هەموومان خۆمان تێیدا دەبینین. گرنگ ئەوەیە مرۆڤ بتوانێت لەناو ئەم هەموو دەنگ و رووکارانەدا، رووی راستەقینەی خۆی ون نەکات، چونکە لە کۆتاییدا، جوانترین ژیان ئەو ژیانەیە کە تێیدا دڵ، زمان و کردار یەک رێگە بگرن.
خ.غ