مەودا میدیا-
توركیا بە رەسمی فەرەیدون سینیلی ئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی پێشووی وڵاتەكەی بۆ پۆستی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان و شوێنگرتنەوەی ئەنتۆنیۆ گۆتیرێس كاندید كرد كە ماوەی خزمەتەكەی لە كانوونی یەكەمی داهاتوودا كۆتایی دێت.
ئاژانسی ئەنادۆڵ-ی توركی ئاماژەی بۆ ئەوە كرووە “ئەحمەد یەڵدز، نێردەی توركیا لە نەتەوە یەكگرتووەكان پەیامی كاندیدكردنەكە كە لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیاوە واژۆ كرابوو، رادەستی سەرۆكەكانی كۆمەڵەی گشتی و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كردووە.
سینیلی ئۆغڵو، كە تەمەنی 70 ساڵە، لە كانوونی یەكەمی 2024ـەوە پۆستی سكرتێری گشتیی رێكخراوی ئاسایش و هاوكاری لە ئەوروپا بەڕێوەدەبات، و لە ساڵی 2015دا وەزیری دەرەوەی توركیا بوو، لە نێوان ساڵانی 2016 تا 2023شدا نوێنەری هەمیشەیی وڵاتەكەی بوو لە نەتەوە یەكگرتووەكان.
ئەردۆغان لە پەیامەكەیدا جەختی لەوە كردەوە “كاندیدەكەی وڵاتەكەی خاوەنی دیدگای ستراتیژی، زانیاری قووڵ لەسەر سیستەمی نەتەوە یەكگرتووەكان، و كلتووری سازانە كە پێویستە بۆ سەركردایەتیكردنی رێكخراوەكە”.
سینیلی ئۆغڵو، دەبێتە نۆیەمین كاندید لە پێشبڕكێكەدا، كە لە ئێستادا ریبێكا گرینسبان، جێگری سەرۆكی پێشووی كۆستاریكا پێشەنگایەتی دەكات و دوای ئەویش رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دێت. سەركەوتنیش پێویستی بە بەدەستهێنانی لانیكەم نۆ دەنگ هەیە لە ئەنجومەنی ئاسایشدا، بەبێ ئەوەی هیچ كام لە پێنج وڵاتە هەمیشەییەكە مافی ڤیتۆ بەكاربهێنن.
ئ پ