ئیسرائیل هاوشێوه‌ى په‌یجه‌ره‌كانى حزبوڵڵا بیر له‌ ئۆپه‌راسیۆنێك له‌ ئێران ده‌كاته‌وه‌

مه‌ودا میدیا-

بەرپرسێکی پێشووی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل “مۆساد” ئاشکرایکرد، ئیسرائیل خاوەنی توانای هەواڵگریی و ئۆپەراسیۆنە کە بتوانێت هێرشێکی لەناکاو دژی سەرکردەباڵاکانی ئێران ئەنجام بدات، هاوشێوەی بۆردوومانی ئامێرە پەیجەرەکانی حزبوڵڵا لە لوبنان.

عودەید ئیلام، جێگری پێشووی بەشی ئۆپەراسیۆنە جیهانییەکانی مۆساد رایگەیاندووە، چوار سەرکردەی سەربازیی و ئەمنیی بە شێوەیەکی کاریگەر ئێران کۆنترۆڵ دەکەن، لە کاتێکدا سەرکردایەتیی سیاسیی تەنیا وەک رووبەرێک کاردەکات.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی نیویۆرک پۆست، ئیلام وتی “ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێک لە دژی سەرکردە سەرەکییەکانی ئێران، هاوشێوەی هێرشی پەیجەری حزبوڵڵا، یەکێکە لەو بژاردانەی کە لە ژێر تاوتوێدایە”.

ئاماژەی بەوەشکردووە “ئەمە جەوهەر و بناغەی ستراتیژی ئیسرائیلە، گۆڕانکاری لەناکاو و جوڵەی چاوەڕواننەکراو، من بە تەواوی دڵنیام کە ئیسرائیل کارتی شاراوەی هەیە کە یاری پێدەکات”.

ئیلام ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیلی لە 17 و 18ی ئەیلولی 2014 وەبیرهێنایەوە کە لە یەک کاتدا هەزاران واکی تۆکی و پەیجەر کە لەلایەن ئۆپەراتۆرەکانی هەسەدە لە لوبنان و سوریا بەکارهێنراون تەقێندرانەوە.

ئۆپەراسیۆنی پەیجەر، بووە هۆی کوژرانی دەیان کەس و برینداربوونی هەزاران کەس، هەروەها پەکخستنی پێکهاتەی فەرماندەیی حزبوڵڵا.

عیلام روونیشیکردەوە، ئیسرائیل ساڵانێکە پلانی فێڵ و هێرشی لەناکاو لەدژی ئامانجەکانی ناوخۆی ئێران دادەڕێژێت.

ناوبراو دووپاتی کردەوە کە ئامادەیی دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ ئەو جۆرە هێرشانە گەرەنتی پاراستنیان ناکات.

لە درێژەی قسەکانیدا وتی “ئیسرائیل لە هەواڵگریی خۆی و توانای ئیسرائیلییەکان بۆ سەرسوڕمانکردن و گۆڕینی هاوسەنگی هێز بە شێوەیەک کە پێشبینی ناکرێ، کەڵک وەردەگرێت”.

لە هەڵسەنگاندنە سەرەکییەکانی عیلام ئەوە بوو کە بە بۆچوونی ئەو، دامەزراوە مەدەنی و سیاسییەکانی ئێران هیچ دەسەڵاتێکی راستەقینەیان نییە و بڕیارە واقعەکان لە لایەن گرووپێکی بچووکی چوار بەرپرسی باڵای ناو دامەزراوە سەربازی و هەواڵگرییەکانەوە دەدرێن.

بە گوتەی ئایلەم، مەسعوود پزیشكیان، سەرۆک کۆماری ئێران، عەباس عیراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، دەسەڵاتی بڕیاردانی چارەنووسسازیان نییە.

ئاماژەی بەوەشکردووە “سەرۆک و وەزیری دەرەوە ناتوانن بڕیار بدەن، ئەنجومەنی سەربازیی دەسەڵاتدار لە پشت موجتەباوە خۆی دەشارێتەوە، بەڵام ئەو کەسە نییە کە شتەکان بەڕێوەدەبات ئەو تەنها بوکەڵەیەکە”.

ع

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان