سەدان گەنجی کورد لە رەققە چارەنووسیان نادیارە

مەودا میدیا-

سەرۆکی تیمی کوردستانی عیراقی رێکخراوی (CPT)ی ئەمەریکی ئاشکرایکرد لەکاتی هەوڵدان بۆ دەربازبوون لە پەلامارەکانی سەر شاری رەققە، خوێندکارێکی عەفرینی بێسەروشوێن بووە.

کامەران عوسمان، سەرۆکی تیمی کوردستانی عیراقی رێکخراوی (CPT)ی ئەمەریکی رایگەیاند “لە رۆژی 17ی کانوونی دووەمی 2026 و لە کاتی چڕبوونەوەی پەلامارەکان بۆ سەر شاری رەققە، 62 خوێندکاری زانکۆی ئەل-شەرق لە شاری رەققە، لە رێگەی سێ پاسی گەورە و پاسێکی بچووکەوە، هەوڵدەدەن شارەکە بەجێبهێڵن و بگەنە شاری حەسەکە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “لە کاتی گەیشتنی کاروانی خوێندکارەکان بە ناوچەی سەباحولخەیر، گرووپێکی چەکدار بە هەڕەمەکی تەقە لە ئۆتۆمبێلی هاوڵاتییانی مەدەنی دەکەن و بە ئامانجیان دەگرن، خوێندکارەکان لە پاسەکان دادەبەزن و هەوڵدەدەن بە راکردن و خۆ شاردنەوە خۆیان دەرباز بکەن، لە دوای چوار کاتژمێر و نیو لە رێگەی ئۆتۆمبێلی بچوکەوە خۆیان دەگەیەنن بە شاری حەسەکە”.

ئەوەشی خستەڕوو “کاتێک دەگەنە حەسەکە، خوێندکارەکان بۆیان دەردەکەوێت کە هاوپۆلێکیان بەناوی (شیار فەهیم هەمزە – لە دایکبووی ساڵی 2005- خوێندکاری ئەندازیاری کارەبا) لێیان دابڕاوە و دیار نەماوە، تاوەکو ئێستا چارەنووسی شیار نادیارە و خانەوادە و هاوڕێکانی نازانن کە لە ژیاندا ماوە، بریندارە یان دەستگیرکراوە”.

باسی لەوەشکرد “بەهۆی پەلاماری سوپای چەتەکانی جۆلانی لە مانگی کانوونی دووەم بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا و رۆژئاوا، دەیان هەزار خێزان ناچار بە ئاوارەبوون کراون و زیاتر لە سەد هاوڵاتیی مەدەنی لە کاتی هەوڵدان بۆ دەربازبوون لە ریگەدا دیارنەماون و تاوەکو ئێستاش چارەنووسیان نادیارە”.

وتیشی “تیمی کوردستانی عیراقی سی پی تی، لە رێگەی بەدەستهێنانی بەڵگەنامە، ئەنجامدانی چاوپێکەوتن لەگەڵ خانەوادە و گەواهیدەران، لێنۆڕینی وێنە و ڤیدیۆکان، پشتڕاستی ئەم رووداوەی کردووەتەوە”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان