راگەیاندنی یەکێتی وەڵامی ئەنەکەسە دەداتەوە

مەودا میدیا-

پێگەی فەرمی یەكێتیی نیشتیمانی کوردستان(Pukmedia) بە تووندی وەڵامی ئەنەکەسەی دایەوە و ئاشکرایکرد لە چ وڵاتێك رێگا پێدراوە ئاوارەو پەنابەر ببنە خاوەن هێزی چەكدارو سەرۆك كۆمار بە ناشەرعی ناوببەن، ئەمەش دوای ئەوەی ئەنەکەسە لە راگەیاندنەکانەوە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عیراقی بە نایاسایی ناوبردووە.

پێگەی فەرمی یەكێتی(Pukmedia) بڵاویکردەوە”لەئێستادا هەل و مەرجەكان گۆڕاون و گرووپی ئەنەکەسە ناتوانن دووبەرەكی لەنێوان لایەنەکان و پارچەكانی كوردستان دروست بكەن”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “ئەنەکەسە بە ئاشكرا و بەفیتی خەڵكی تر پەلاماری رەمزەكانی یەكێتی و فەخامەتی سەرۆك كۆماری عیراقی فیدراڵ دەدەن و دەیانەوێ‌ فیتنە و دووبەرەكی لەنێوان پێكهاتەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان دروست بكەن”.

دەقی پەیامەکەی راگەیاندنی فەرمی یەکێتی:

گرووپی ئەنەكەسە، كە ساڵانێكە لەسەر ئەرزی واقیعی رۆژئاڤای كوردستان بێ كاریگەرین و لە شەڕی رووبەرووبوونەوەی تیرۆریستانی داعشیش ئامادە نەبوون بەرگری لە خاك و خەڵكی خۆیان بكەن و رایانكردووەتە باشوری كوردستان و لە هوتێل و میوانخانەكانی باشورەوە قسەی گەورە و قەبە دەكەن، رێك لەوساتەوە بڕیارەكەیان بەدەستی خۆیان نییە و رۆڵێكی ناشیرین و خراپ دەگێڕن و هەوڵی دروستكردنی دووبەرەكیان داوە لەنێوان پارچەكانی كوردستان.

لەئێستاشدا كە هەل و مەرجەكان گۆڕاون و ناتوانن دووبەرەكی لەنێوان پارچەكانی كوردستان دروست بكەن، هاتوون بە ئاشكرا و بەفیتی خەڵكی دیكە پەلاماری رەمزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و فەخامەتی سەرۆك كۆماری عیراقی فیدراڵ دەدەن و دەیانەوێ‌ فیتنە و دووبەرەكی لەنێوان پێكهاتەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان دروست بكەن.

پرسی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عیراق پرسێكی ناوخۆیی عیراقیە و پەیوەندی بە ئێوەوە نییە، لەهەمان كاتدا بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە پرسی پەنابەران، بەهیچ شێوەیەك ئێوە رێگا پێدراو نین، كە بێرێزی بەرامبەر بە فەخامەتی سەرۆك كۆمار بكەن، كە شكۆی ئەو عیراقەیە و شانازییەكی گەورەشە بۆ كورد كە ئێوە بۆ ماوەی (12) ساڵە بە یاسایی و نایاسایی لەو خاكە بەهرەمەند دەبن.

بەپێی دەستوری عیراق و هەروەها بەپێی یاساكانی هەرێمی كورستان ئێوە رێگاپێدراو نین لەجیاتی خەڵكی دیكە پەلاماری رەمز و سەروەرییەكانی هێزێكی گەورە و كاریگەری كوردستانی و عیراقی وەكو یەكێتی بدەن كە (23) هەزار شەهیدی لەپێناو رزگاری خاك و خەڵكی كوردستان داوە و رۆڵی سەرەكی هەبووە لە دامەزراندنی عیراقی نوێدا.

لە چ وڵاتێكی جیهانی رێگا پێدراوە كە ئاوارە و پەنابەر ببنە خاوەن هێزی چەكداری وەك رۆژ و مووچەی هێزەكانی خۆیان لەو وڵاتە وەربگرن و دواجار پەلاماری شكۆی ئەو وڵاتە بدەن و بڵێن ئێمە دژی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارین و بەناشەرعی ناوی بێنن ؟، ئەگەر ئێوە بزانن خەڵكی كوردستان بە چ چاوێك سەیرتان دەكات لەرووتان نایەت وشەی بەكرێگیراوی بەرامبەر هێزێكی نیشتمان پەروەر بەكار بێنن، ئامۆژگاریتان دەكەین واز لەو بێرێزیكردنە بێنن و لەو راستییە بگەن كە ئەگەر وەك پەنابەران مامەڵەتان لەگەڵدا بكرێت، زۆر شت لەدەست دەدەن كە لەسەر حسابی كەس و كاری شەهیدانی ئەم وڵاتە بە نایاسایی بەدەستتان هێناوە، ئێمە دەمێكە لەبەر خاتری كوردبوون و یەكریزی بێدەنگیمان لەبەرامبەر هەڵە و رەفتارەكانتان هەڵبژاردووە، بەڵام كاتێك سوكایەتی هەموو سنورەكان دەبڕن، دەبێت پێتان بڵێن هەڵەن و بەپێی بەڕەی خۆتان پێ رابكێشن.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان