مەودا میدیا-
بەشێكی كارتی بانكی مووچەخۆرانی بەشداری پڕۆژەی (هەژماری من) كارتەكانیان بەسەردەچێت و تیمی پرۆژەكەش دڵنیایی دەداتە مووچەخۆران و فەرمانبەران بە ئاسانترین شێوە كارتی نوێ وەردەگرنەوە.
بەپێی زانیارییەکان، لەم مانگەدا بەشێكی ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانەی كە لە (هەژماری من)، لە رێگەی كارتی بانكی مووچە وەردەگرن، كارتەكانیان بەسەر دەچێت، بە تایبەت (RT Bank ) کە بەشی زۆری کارتی بانكی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی ئەو بانكە كارتەکانیان لەم مانگەدا بەسەردەچێت.
تیمی هەژماری من رایانگەیاند “هەر کارتێکی بانکی مێژووی بەسەرچوونی لەسەر نووسراوە، کاتێک کارتەکە بەسەردەچێت، فەرمانبەر و مووچەخۆر تەنها پێویستە داوای کارتێکی نوێ لە بانکەکەی بکات، بانکیش لە ماوەی چەند رۆژێکدا کارتە نوێیەکە چاپ دەکات”.
ئاماژەیان بۆ ئەوەشکرد ” هەر كاتێكی بانكی كۆد و ناوی كەسەكە و مانگ و ساڵی بەسەرچوونی كارت نووسراوە، بۆ داواکردنی کارتێکی نوێ لە رێگەی ئیمێل، پەیوەندیی تەلەفۆنی یان سەردانکردنی بانکەکەوە ئەنجام دەدرێت، ئەگەر مووچەخۆر سەردانی بانك بكات، پێویستە كارتی كۆنی بانكەكە و كارتی نیشتمانیی خۆی پێ بێت”.
ئەوەشیان خستەڕوو “گرنگە ناونیشانی ئیمێڵ یان ئەو ژمارەی مۆبایلەی کە داواکارییەکەی پێ ئەنجام دەدرێت، هەمان ئەوە بێت کە لە هەژمارە بانکییەکەدا تۆمار کراوە، هەروەها ئەگەر كارتی بانكییش بەسەر بچێت، هیچ كاریگەری لەسەر مووچە و ئەو بە پارەیە نابێت كە لەناو كارتەكەدایە”.
ب ح