مەودا میدیا-
لەم هەفتەیەدا، بانكی ناوەندیی عیراق چارەنووسی كاراكردنی پرۆسەی فرۆشتنی دۆلار بە گەشتیاران لە هەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی لە سلێمانی یەكلا دەكاتەوە.
سروە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عیراق بە مەودا میدیای راگەیاند “لە رێگەی بانكی ناوەندییەوە پێیان راگەیەندراوە كە لەم هەفتەیەدا بڕیاری كۆتایی لەسەر ئەو كۆمپانیایانە دەدرێت كە مۆڵەتیان پێدراوە و كاری فرۆشتنی دۆلار بە گەشتیاران لە فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان بەڕێوەدەبەن”.
وتیشی “دوای ئەوەی بڕیار لەسەر كۆمپانیاكان درا، پێدەچێت لە هەفتەی داهاتووەوە پرۆسەكە دەستپێبكات و ئەوكات هەر گەشتیارێك لە كاتی گەشتكردندا بڕی سێ هەزار دۆلاری بە نرخی بانكی ناوەندی پێدەدرێت”.
ئەوەش لە كاتێكدایە كە لە رۆژی 2ی تشرینی یەكەمەوە عیراق پشكی هەر گەشتیارێكی لە دوو هەزار دۆلارەوە بۆ سێ هەزار دۆلار بەرز كردەوە و لە ئێستاشدا لە فڕۆكەخانەكانی عیراق 100 دۆلار بە 152 هەزار دینار بە گەشتیاران دەفرۆشرێت.
ئ پ