مەودا میدیا-
سەرۆکی پەرلەمانی عیراق بەبۆنەی رۆژی سەروەریی نیشتمانیی و کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو ئاشکرایکرد نابێت هیچ چەکێک لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسا هەبێت و هیچ هێزێک لە دەرەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت بمێنێتەوە.
هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عیراق رایگەیاند “سەروەریی وڵات دروشمێکی کاتی یان جێگەی سازش نییە، بەڵکوو مافێکی نەگۆڕ و بەرپرسیارێتییەکی دەستوورییە لەسەر شانی هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەت”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “عیراق نابێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانییەکان و پێگەیەک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتان، قبوڵیش ناکەن خاک و ئاسمانیی وڵاتەکەیان ببێتە ئامانجی دەستوەردان و پێشێلکاریی”.
ئەوەشی خستەڕوو “کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بە واتای کۆتاییهاتنی پەیوەندییەکان نایەت، بەڵکوو گواستنەوەیە بۆ قۆناگێکی نوێ لەسەر بنەمای رێزگرتن و بەرژەوەندیی هاوبەش”.
ب ح