گەشتیارێك بەهۆی كێشەیەك لە پاسپۆرتەكەيدا 18 ساڵ لە فڕۆكەخانەیەكدا مایەوە

میهران كەریمی، گەشتیارێكی ئێرانی بوو، لە ساڵی ١٩٨٨دا، ویستی لە پاریسەوە گەشت بكات بۆ لەندەن، بۆیە چووە فڕۆكەخانەی شارل دۆگۆلی پاریس. بەپێی گێڕانەوەی خۆی، لە كاتی گەشتەكەیدا ئەو بەڵگەنامانەی ون كردبوو كە ناسنامەی پەنابەرییەكەیان دەسەلماند.
میهران لە بەریتانیا مافی پەنابەری پێدرابوو، بەڵام بەبێ هەبوونی بەڵگەنامە پێویستەكان، دەسەڵاتدارانی بەریتانیا رێگەیان پێ نەدا بچێتە ناو وڵاتەكەوە، لە لایەكی تریشەوە بەرپرسانی فەرەنسا نەیاندەتوانی رێگەی پێ بدەن ناوچەی ترانزێتی نێودەوڵەتی فڕۆكەخانەكە جێبهێڵێت، ئەمەش وای كرد لە ناو تێرمیناڵی ١دا بمێنێتەوە و نەتوانێت لێی بچێتە دەرەوە.

ئەوەی لەو چیرۆكەدا جێگەی سەرسوڕمان و تێڕامانە ئەوەیە كە میهران تەنها ویستی گەشتێكی ئاسایی لە پاریسەوە بۆ لەندەن بكات، بەڵام ماوەی ١٨ ساڵ تێپەڕی و میهران هەر لە ناو فڕۆكەخانەكەدا مایەوە و چاوەڕێی چارەسەركردنی كێشەكەی دەكرد.
ناسری سووچێكی بچووكی هۆڵی چاوەڕوانی بەڕێكردنی كردە ماڵی خۆی و تەنیا لەگەڵ كورسییەك، مێزێك، جانتایەكی سووری سەفەر، و كۆمەڵێك كتێب و كاغەزەوە دەژیا. كارمەندانی فڕۆكەخانەكە بە بەردەوامی ژەمە خۆراك، رۆژنامە و پێداویستییە سەرەكییەكانی تریان بۆ دەهێنا، لە هەمان كاتدا گەشتیاران و رۆژنامەنووسان ئاشنا ببوون بەو پیاوە هێمن و سادەپۆشەی كە رۆژەكانی بە خوێندنەوە و نووسین لەژێر رووناكی درەوشاوەی تێرمیناڵەكەدا بەسەر دەبرد.

ساڵ هات و تێپەڕی، دەیان و سەدان و هەزاران گەشتیار هاتن و رۆشتن، سەدان كەس بەهۆی كێشەكەی و مانەوەیەوە پێی ئاشنا بوون، بەڵام میهران هەر لە ناو فڕۆكەخانەكەدا مایەوە و كێشەكەی چارەسەر نەكرا، بەڵام ئەوەی سەیر بوو ئەوە بوو كە پزیشكەكان تێبینییان كرد كە میهران بە قووڵی لەگەڵ ئەو ژینگەیەدا راهاتووە و بە تەواوی خۆی لەگەڵ ژیانی ناو فڕۆكەخانەكە گونجاندووە. هەرچەندە فەڕەنسا لە ساڵی ١٩٩٩دا مافی نیشتەجێبوونی پێبەخشی، بەڵام بەپێی زانیارییەكان خۆی بڕیاری دا فڕۆكەخانەكە جێنەهێڵێت، چونكە تێرمیناڵەكەی وەك ماڵی راستەقینەی خۆی دەناسی. ئەو تەنانەت لەو ساڵانەی لەوێ بوو، ناوی “سێر ئەلفرێد”ی بۆ خۆی هەڵبژاردبوو.

ناسری تا ساڵی ٢٠٠٦ لە فڕۆكەخانەكەدا مایەوە، كاتێك بەهۆی تێكچوونی باری تەندروستییەوە پێویستی بەوە بوو لە نەخۆشخانە بخەوێنرێت. دواتر لە ساڵی ٢٠٢٢دا گەڕایەوە بۆ فڕۆكەخانەی شارل دۆگۆل و هەر لە كۆتایی ئەو ساڵەدا لەوێ كۆچی دوایی كرد.
وەرگێران و ئامادەكردن، ئەرسەلان پەرۆش

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان