بەلەسە

کاروان ئەنوەر

بەلەسەبوون لە چوارچێوە گشتییەکەیدا، چەند جۆرێکی هەیە، لەوانە: هاری، وێڵی، سەرهەڵگرتن، جووتە و قۆچ و شاخ وەشاندن، ملنەدان، کێوی یان دەشتی بوون، خۆونکردن، خۆنەناسینەوە، دڕبوون، دانەکەژ-کێو، شێتبوون، ساختەچیبوون، بەرەڵا، rقن، قیناوی، لەدەست دەرچوون، چەتە بوون، پەلاماردەر، مانگرتن لە خواردنی ئالیک و  ئاو و لەوەڕ و…..هتد. دەیان خوو رەفتاری تری گۆڕاو ھەن لەپڕێکدا دەقەومێن، پێشتر نەبوون و ئێستا هەن، بەمە دەوترێت بەلەسەبوون.

کاتێک گا، ماین، ئەسپ، وشتر، (کەر- گوێدرێژ، ئێستر- قاتر)، فیل، بەران، بزن، بەراز ، ئاسک….ھتد، بەلەسە دەبن، گاوان و مەیتەر و شوانەکان و ڤێرتێرنەرەكان، ئامۆژگاریمان دەکەن کە نابێت لە پشتیانەوە بووەستین، چونکە جووتە و لەقە و سم دەوەشێنن. نابێت لە پێشیشیانەوە بووەستین، چونکە گاز و قەپ و كەڵبە دەگرن، بۆیە دەبێت بە رێشو یان لەغاو یان گوریس بگیرێنەوە، لە هەندێک حاڵەتدا، دەبێت چاویان بە پارچە پەڕۆیەکی رەش دابپۆشرێت، تا ھێور دەبنەوە، چونکە لەوانەیە، ترسابن، یان برسییان بێت، یان لەهەندێک حاڵەتدا هار بووبن وەک ئەوەی لە سەگەکاندا روودەدات، بۆیە دەبێت ھەمیشە خەڵکانی بێئاگا و سڤیل لە دەوریان دوور بخرێنەوە، تا چارەسەر دەكرێن.

 ئەم وشەیە زیاتر بۆ وڵاخە بەرز و ئاژەڵی ماڵیی بەکاردێت، بەڵام ئەمڕۆ لە بواری سیاسەت و رۆشنبیریی و میدیاشدا بەشێوەی (درکە-کنایە) دەخرێتە رستەوە بۆ ئەو مرۆڤانەی رەفتاری نەشیاو و نامرۆڤانە دەکەن. جا پێشئەوەی رەخنەی (شوبهاندن- لێچوواندن)ی نێوان مرۆڤ و ئاژەڵ لە نووسینەكە بگرن، حەزدەكەم بزانن تیۆری (مرۆڤ ئاژەڵێكی قسەكەرە- الإنسان حیوان ناطق) كە زۆرترین قسە و چەندین بۆچوون لەسەر ئەو رستەیە وردكراوەتەوە و شیكاریی جۆراوجۆری بۆ كراوە، لەوانەش فەیلەسوفی یۆنانی ئەرستۆ 384-322 پ.ز، فەیلەسوفە مسوڵمانەكان أبو نصر الفارابی و أبو علی ابن سینا، هەمان بۆچوونن، بەڵام لە بەرگی جیاوازدا، لای چارلز داروین و سیگمۆند فرۆید پێیان وایە رەفتارەكانی مرۆڤ و ئاژەڵ لەیەكەوە نزیكن، بەڵام ئاژەڵ چەكی زمان و قسەكردن بەكارناهێنێت، بۆیە رەخنە لەم تێزە مەگرن، چونكە لە پێش زایینەوە ئەم لێكچواندنە تا ئەمڕۆ بەردەوامە.

پرۆسەی دووەم هێورکردنەوەی ئەم هەڵچوون و توڕەییەیە، بەشێوەیەكی گشتی پێیدەوترێت (دەستەمۆکردن)، جا راستە ناونیشانی گۆشەی ئەم هەفتەیەتان (بەلەسە)یە و لە دنیای ئاژەڵانەوە دەستمانپێکرد، بەڵام مەبەستی سەرەكیی من لە بەشی دووەمی پرۆسەکەیە، کە دەستەمۆ بوونە یان بە زاراوە سیاسییەکەی ئاشتکردنەوە و گەڕانەوە و چاکبوونەوەیە لەو حاڵەتە لە پڕ و کتوپڕانەی تووشی کەسێک دەبن و روودەدەن.

لە دنیای ئاژەڵاندا بەپێی شارەزایی خاوەندار و جۆری بەلەسەبوون، زۆر ژیرانە رەفتار لەگەڵ ئاژەڵی بەلەسە دەکرێت، لە هەندێک حاڵەتیشدا کوتەک، تێڵا، مێکوت، قەمچی، حەیزەران، شوڵ، گۆچان-گۆپاڵ، دارعەسا بۆ ژیرکردنیان دەخرێتە کار، بەڵام بۆ دەستەمۆکردنی مرۆڤی لادەر و بەلەسەی توڕە دەبێت هۆکاری تر بخرێنە بەردەم ئەم کەسەی تا دوێنی عەیب و عاریان نەبوو، کەچی کە ئالیک بڕا یان كەمیكرد، کورتان سوڕا و هەندێك كەسیش توڕی دەدەن، دەست بە رەفتاری جیاواز و هەڵەشە دەكەن. چارەسەری ئەم بەلەسانە زۆر ئاسانە، لای بەرپرسانە، بە مشتێک پولوپارە، بە دیارییەکی گرانبەها، بە باخێک، چەند دۆنمێک زەوی، تاپۆكردنی دەزگایەكی فەلسەفی، میدیایی، رۆشنبیری، سەنتەرێک، ڤێلایەک، ئیقامەیەک، دامەزراندنی چەند کەسێکی دۆست و ئەحباب، لێخۆشبوونی باجێكی قەبە، دەرخستنێکی شۆکهێنەر لە میدیا، دەركەوتنێك لە تەنیشت وانێكەوە، لەگەڵ دەیان چارەسەری تر، ئەوسا بەلەسەی دەستەمۆ پارچە پەڕۆ رەشەکە لە چاوی خۆی دەئاڵێنێت، وەک (نە بای دیبێت نە بۆران)، ئیتر (دنیا دەبێتەوە بە شامی شەریف)، ئیتر ناشیرینترین و دێوترین و ناقۆڵاترینەكانی دوێنێ، دەبن بە جوانترین و خۆشترینەکان و باشترینەکان و ئازیزترینەکانی ئەمڕۆ.

زۆر توڕەمکەن سەد ناوی بەلەسەبووی دەستەمۆتان بۆ دەکەم بە لیستێك.

 ئەمەش لە سێگۆشەی خڕ دەچێت.

خ.غ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان