سەرۆکی پارتی پەیامێکی بڵاوکردەوە

مەودا میدیا-

سەرۆکی پارتی دیموکراتیی کوردستان ئاشکرایکرد بەبۆنەی کاراکردنەوەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان و دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و هەموو لایەنە سیاسییەکان دەکات.

مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی رایگەیاند “دوای دوو ساڵ تێپەڕبوون بەسەر هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان خۆشبەختانە توانرا پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە، بۆیە سوپاسی هەموو ئەو پەرلەمانتارانە دەکات کە هەڵوێستیان هەبوو و بە ئەرکی یاسایی و نیشتیمانی خۆیان هەستان و ئەم دامەزراوە دەستوورییەی هەرێمیان کاراکردەوە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “کاراکردنەوەی پەرلەمان هەنگاوێکە بە ئاراستەی پاراستن و بەهێزکردنی هەرێمی کوردستان و لەدژی هیچ کەس و لایەنێک نییە و بە دڵنیاییەوە لە خزمەتی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان و پڕۆسەی سیاسیدا دەبێت”.

ئەوەشی خستەڕوو “ئێستا کە پەرلەمان دەستی بەکارەکانی کردووە، داوا لە هەموو ئەو لایەنە بەڕێزانە دەکات کە بەشداری ئەو پڕۆسەیە نەبوون، ئەوانیش بەشداریی بکەن و پێکەوە لەپێناو خزمەتکردنی گەلی کوردستان و هەنگاوەکانی تر هاوکار و یارمەتیدەری پڕۆسەی سیاسی بن”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان