لە قووڵایی بێدەنگییەوە بۆ نهێنییەکانی کەسایەتیی سەنگین

دێرین جەمال

بێدەنگی، تەنیا وەستان و بێدەنگبوون نییە لە قسەکردن، بەڵکوو هونەرێکی بەرز و ژیرانەیە بۆ پەیوەندیکردنی مرۆڤایەتی. لە جیهانێکدا کە پڕ بووە لە دەنگەدەنگی بەردەوام و ئاڵۆزیی ناپێویست، توانای بێدەنگبوون لە کاتی گونجاودا و قسەکردن لە ساتەوەختی پێویستدا، نیشانەیەکی دیاری پێگەیشتوویی فکری و ژیریی راستەقینەی مرۆڤە.

هونەری بێدەنگی لەوەدا کورت دەبێتەوە کە مرۆڤ تێبگات کەی کاتی گوێگرتنە و کەی کاتی گەیاندنی پەیامە، چونکە بێدەنگی لە شوێنی خۆیدا نیشانەی رێزگرتنە لە بەرانبەر و بەخشینی دەرفەتە بۆ بیرکردنەوەی قووڵ و کۆنترۆڵکردنی هەست و نەستەکان، رێگەت پێدەدات پێش ئەوەی وشەکان لە دەمت دەربچن، بە تەرازووی هزر و بیرکردنەوە بەهایان بپێویت.

پێویستە مرۆڤ ئەوکاتە بێدەنگییەکەی بشکێنێت و بێتە قسەکردن کاتێک راستییەک دەشاردرێتەوە و ژیان یان شکۆیەک پێویستی بە بەرگری هەیە، یان کاتێک بێدەنگبوون دەبێتە هۆی ستەمکردن لە خۆت یان کەسانی دیکە، کاتێک زانیاری و ئامۆژگارییەکت پێیە کە دەتوانێت گرێی کێشەیەک بکاتەوە یان بە وشەیەک رێڕەوی هەڵەیەک راست بکاتەوە. ئەو کەسانەی بەبێ هۆکار و بەبێ بیرکردنەوە زۆر دەڵێن، زۆرجار لەناو کۆمەڵگە و پەیوەندیکردندا سەنگ و قورسایی خۆیان لەدەست دەدەن، چونکە کاتێک قسەکردن لە سنوور و پێویستی دەرچوو، ئەگەری هەڵەکردن و درکاندنی نهێنییەکان زۆر زیاتر دەبێت، و زۆر بڵێیی زۆرجار ئاماژەیە بۆ ناخێکی نائارام و هەوڵدانێکی رووکەشانە بۆ راکێشانی سەرنجی دەوروبەر.

لە بەرانبەردا، ئەو مرۆڤانەی کەم و بەپێی پێویستیی راستەقینە قسە دەکەن، کەسایەتییەکی بەهێز و سەنگین و جێی متمانەیان هەیە، قسەکانیان لەلایەن دەوروبەرەوە بە هەند وەردەگیرێت، چونکە هەمووان دەزانن کاتێک ئەم کەسە بێدەنگییەکەی دەشکێنێت، بێگومان شتێکی گرنگ و بەپێزی پێیە و خاوەن کۆنترۆڵێکی بەرزە بەسەر خۆیدا. فێربوونی ئەم هونەرە پرۆسەیەکە کە دەبێت لە منداڵییەوە دەستپێبکات و بە پەروەردەی دروست گەشە بکات، خێزان دەبێت منداڵ وا رابهێنێت کە گوێگرتن پێش قسەکردن بخات و فێری بکات دەرفەت بە کەسانی تر بدات و بەڕێزەوە گوێبگرێت و ناوبڕی بە قسەی هیچ کەسێک نەکات، لە کاتێکدا مرۆڤی گەورەش دەتوانێت مەشق بە خۆی بکات بەوەی بەرەو رووی وەڵامدانەوەی خێرا نەبێتەوە و چەند ساتێک بووەستێت تا بزانێت قسەکەی چەندە پێویست و بەجێیە.

کۆمەڵگەی سەرکەوتوو و پێشکەوتوو ئەو کۆمەڵگەیەیە کە لەسەر بنەمای گوێگرتنی قووڵ و رێزگرتن لە بیروڕای یەکتری دامەزراوە، نە کۆمەڵگەیەک کە هەمووان تێیدا بەیەکەوە هاوار دەکەن و کەس گوێی لە کەس نییە، چونکە ئەو کۆمەڵگەیەی رێز لە بێدەنگیی بەپێز دەگرێت و بایەخ بە راستی و کورتی و بەجێیی قسەکردن دەدات، هەمیشە بەرەو پێشچوون و لێکتێگەیشتنی زیاتر هەنگاو دەنێت.

وشەکان وەک فیشەک وان، کاتێک لە دەم دەرچوون ئیدی ناگەڕێنەوە، بێدەنگی بڕیارێکی هوشیارانەیە و قسەکردنی بەجێش تیرێکی بێهەڵەیە و تێکەڵکردنی ئەم دوو چەمکە بە شێوەیەکی هاوسەنگ، لووتکەی دانایی و گەورەیی مرۆڤە.

خ.غ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان