مەودا میدیا-
بەپێی راگەیەنراوێكی وەزارەتی ناوخۆی عیراق، لە ماوەی مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵدا، 37 تۆمەتبار بە تۆمەتی كڕین و فرۆشتن و دزینی شوێنەوار دەستگیر كراون و 222 پارچە شوێنەواریش دەستیان بەسەردا گیراوە.
میقداد میری، سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكان و راگەیاندن لە وەزارەتی ناوخۆی عیراق، رایگەیاند “مەفرەزەكانی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی رێكخراو لە ماوەی مانگی تشرینی یەكەمدا، توانیویانە 37 تۆمەتبار بە تۆمەتی قاچاخچێتی بە شوێنەوارەوە دەستگیر بكەن، هەروەها دەست بەسەر 222 پارچە شوێنەوار، 23 دراوی مێژوویی لەگەڵ پێنج ئامێری پشكنینی شوێنەواردا بگرن، سەرەڕای تۆماركردنی دوو حاڵەتی دەستدرێژی و زێدەڕۆیی بۆ سەر شوێنەوارەكان”.
وتیشی “ئەم ئەنجامانە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەكانی وەزارەتی ناوخۆدایە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوانەكانی بازرگانیكردنی نایاسایی بە شوێنەوارەوە و پاراستنی كەلەپوری شارستانی و مێژوویی عیراق”.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد “شوێنەوارەكانی عیراق ناسنامەی نیشتمانی و میراتێكی مرۆیی وڵاتن كە ناكرێت دەستبەرداری ببین، وەزارەتیش بەردەوام دەبێت لە بەدواداچوونی ئەو كەسانەی كە بازرگانی بە شوێنەوارەوە دەكەن یان دەستدرێژی دەكەنە سەر شوێنەوارەكان و رێكاری یاساییان بەرامبەر دەگرینەبەر”.
ئ پ