مەودا میدیا-
بەپێی راگەیەنراوێكی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عیراق كە ئەمڕۆ هەینی بڵاوكراوەتەوە، لە پارێزگای كەركوك فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی نەناسراویان دەستبەسەراگرتووە كە بڕێكی زۆر تەقەمەنی هەڵگرتبوو.
لە راگەیەنراوەكەی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیدا هاتووە “دوای ئۆپەراسیۆنێكی تایبەتمەند لەسەر بنەمای كۆكردنەوەی هەواڵگری و چاودێریكردنی وردی مەیدانی، یەكەكانی خزمەتگوزاری ئاسایشی نیشتمانی شوێنی فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی نەناسراویان دۆزیوەتەوە كە تەقەمەنییەكی زۆری هەڵگرتبوو”.
لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوەش كراوە “بە هەماهەنگی لەگەڵ فەیلەقی ئەندازیاری سوپای عیراق، فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكە و تەقەمەنییەكان لە شوێنەكەدا لە رێگەی تەقینەوەیەكی كۆنترۆڵكراوەوە لەناوبراون”.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی دووپاتی كردووەتەوە “كارمەندەكانیان بە وریاییەوە ئامادەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەك بۆ سەر ئاسایشی هاوڵاتییان و داواشی لە هاوڵاتییان كردووە كە هەر كەلوپەلێكی گوماناوییان بینی دەستبەجێ ئاگاداریان بكەنەوە”، هاوكات هۆشدارییان داوە لە نزیكبوونەوە یان دەستكاریكردنی ئەو جۆرە شتانە.
ئ پ