مەودا میدیا-
بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست سەبارەت بە نرخی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد دوای چەندین ساڵ هەوڵێکی زۆر بۆ هاوتاکردنی نرخی سووتەمەنی لەنێوان هەرێم و بەغدا هەیە و ئێستاش لەلایەن لیژنە پەرلەمانییەکەی عیراقەوە بڕیاری پێویستی لەسەر دراوە.
عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست بە مەودا میدیای راگەیاند “دوو بژاردە بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بە نرخی پاڵپشتیکراوی حکومی لەلایەن لیژنەکەوە دیاریکراوە و دواتر پەرلەمانی عیراق پەسەندی دەکات و بۆ جێبەجێکردنی ئاڕاستەی حکومەتی دەکات”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “هیچ بیانوویەک بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان نەماوەتەوە و بەپێی بژاردەی یەکەم (حکومەتی هەرێم 50 هەزار بەرمیل نەوتەکە) دەدات بە عیراق و لەبەرانبەردا بەبڕی شایستە سووتەمەنی بۆ شارەکانی هەرێم دابین دەکرێت و تێچووی پاڵاوتنەکەش لە ئەستۆی بەغدا دەبێت”.
ئەوەشی خستەڕوو “بژاردەی دووەم بریتییە لە زیادکردنی (50 هەزار بەرمیل نەوتەکە) لەسەر بنەمای دانیشتووانی هەرێمی کوردستان و دیاریکردنی بڕەکەی لەلایەن لیژنەیەکی تەکنیکییەوە کە حکومەتی عیراق ئامادەی دەکات، بە مەرجێک وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بەڵێن بدات بە هەمان نرخ هاوشێوەی پارێزگاکانی تری عیراق دابەشی بکات”.
ب ح