هه‌رێم داواى سه‌دا 14ى بودجه‌ى گشتیی عیراق ده‌كات

مه‌ودا میدیا-

ئەنجومەنی وەزاریی ئابووریی عیراق بە ئامادەبوونی شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و گفتوگۆکانی تایبەت بە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2027، مووچەی مووچەخۆران و دۆسیەی نەوتی تاوتوێ کرد.

نووسینگەی راگەیاندنی محەممەد تەمیم، جێگری سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزاریی ئابووری لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ لە بەغدا کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە سەرۆکایەتیی محەممەد تەمیم بەڕێوەچوو بۆ تەواوکردنی گفتوگۆکان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی دەوڵەت بۆ ساڵی 2027.

لە کۆبوونەوەکەدا هەریەک لە وەزیرانی نەوت، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی ئابووری لە وەزارەتی نەوت و راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عیراق ئامادە بوون.

بەپێی راگەیەندراوەکە، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهاتوو لە وەزیری سامانە سرووشتییەکان، سەرۆکی فەرمانگەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان شانبەشانی ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی پەرلەمانی عیراق بەشداربوون، ئەوەش بە مەبەستی درێژەدان و تەواوکردنی گفتوگۆکان سەبارەت بە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا.

بەپێی ھەواڵی میدیاکانی پارتی، شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێداگیری لەسەر ئەوە كردووە كە دەبێت پشكی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە تەواوی لە خەرجی راستەقینە جیا بكرێتەوە و وەك ساڵانی پێشوو تێكەڵی خەرجییەكان نەكرێت بۆ ئەوەی هیچ بەربەستێك لەبەردەم خەرجكردنی مووچەی مووچەخۆران دروست نەبێت كە بۆ ساڵی 2027 بڕی 11 ترلیۆن و 200 ملیار دینار بۆ كۆی گشتی مووچەی هەرێم دیاریكراوە.

هاوکات داوا كراوە كە پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عیراق لە 12,67% بەرزبكرێتەوە بۆ 14,14%.

ع

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان