مەودا میدیا-
بەپێی ئاژانسی هەواڵی ئیرنای ئێرانی، بەغدا داوای لە تاران كردووە مۆڵەتی تایبەت بۆ كەشتییە نەوتهەڵگرەكانی عیراق دەربكات بۆ تێپەڕاندنی گەرووی هورمز، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی كەمبوونەوەی هاتوچۆی كەشتیوانی لە رێگەی گەرووەكەوە بەهۆی گرژییەكانی ناوچەكەوە.
ئاژانسەكە ئاماژەی بەوە كردووە” یەكێك لە داواكارییە گرنگەكانی عیراق بۆ ئێران لە سەردانەكەی محەمەد باقر قالیباف، سەرۆكی پەرلەمانی ئێران بۆ عیراق، پێدانی مۆڵەتی تایبەت بووە بۆ ئەوەی كەشتییە نەوتهەڵگرەكانی عیراق بە گەرووی هورمزدا تێپەڕن”.
ئەوەشی خستۆتەڕوو، “ئەم داواكارییە چەندین جار لە رێگەی كەناڵە جیاجیاكانەوە پێشكەشی ئێران كراوە و تا ئێستا سەرەڕای ئەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران رووبەڕووی فشاری سەربازی توند و دۆخێكی زۆر نائەمنی بووەتەوە لە گەرووی هورمز بەهۆی رێگرییەكانی ئەمەریكاوە، بەڵام وڵاتەكە مۆڵەتی داوە بە ژمارەیەك لە كەشتییە نەوتهەڵگرەكانی عیراق بۆ تێپەڕین بە گەرووەكەدا”.
ئەوەش لە كاتێكدایە كە عیراق پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت بۆ دابینكردنی نزیكەی 90%ی بودجەی ساڵانەی خۆی و پێش داخستنی گەرووی هورمز رۆژانە نزیكەی پێنج ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە دەكرد و زیاتر لە سێ ملیۆن و 300 هەزار بەرمیلی بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕی، بەڵام لەدوای داخستنی گەرووەكەوە هەناردەكردنی نەوتی عیراق بە رێژەی زیاتر لە 75% كەمیكردووە، ئەوەش بووەتە هۆی دابەزینی بەرچاوی داهاتی حكومەت.
ئ پ