لە تراژیدیای مەرگی لافاوەوە تا هێزی ئەتۆمیی بەنداو

دێرین جەمال

بارانبارین لە تەواوی جیهاندا هەواڵێکی خۆش و مژدەی نوێبوونەوەی سروشت و ژیانە، بەڵام لە شارەکانی ئێمەدا، کاتێک شەپۆلێکی بارانبارین دەستپێدەکات، دڵەکان دەکەونە لێدان و دڵەڕاوکێ سەراپای هاوڵاتییان دەگرێتەوە. ئەو ئاوەی کە دەبێت سەرچاوەی ئاوەدانی و بژێوی بێت، بەهۆی کەمتەرخەمی و بێپلانیی درێژخایەنەوە، دەگۆڕێت بۆ کارەسات، تراژیدیا و مەرگی هاوڵاتییانی بێتاوان.

خنکانی مرۆڤەکان لەناو شەقام و گەڕەکەکاندا ئەنجامی راستەوخۆی پڕکردنەوەی رێڕەوە سروشتییەکانی ئاو، لاوازیی ژێرخانی شارەکان و نەبوونی دیدگایەکی زانستییە بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانەکان. لەبری ئەوەی باراناو رێڕەوی دیاریکراوی خۆی هەبێت و ئاراستەی شوێنی گونجاو بکرێت، دەبێتە لافاوێکی وێرانکەر و ماڵەکان دەکاتە گۆڕستانی مرۆڤەکان، ئەوانەی کە هەمیشە بێ جیاوازی لە تەمەن، تینووی ژیان بوون.

کاتی ئەوە هاتووە لەم بازنە بەتاڵەی ماتەمینی بێینە دەرەوە و کارەساتی لافاو بگۆڕین بۆ دەرفەتێکی ستراتیژی. رێگەچارەی بنەڕەتیی ئەم قەیرانە لە داڕشتنەوەی ماستەرپلانی شارەکان و دروستکردنی بەشێوەیەکی فراوانی بەنداو و کۆگاکانی ئاودایە.

بەنداو تەنها کۆنکرێتێک نییە بۆ گلدانەوەی ئاو، بەڵکوو قەڵغانێکی نیشتمانیی نەرمە کە لە لایەکەوە رێگری لە تراژیدیای مەرگ و لافاو دەکات، لە لایەکی دیکەیشەوە هێزێکی راگرتن و بەرگریی بێدەنگ دەبەخشێتە هەرێمەکەمان.

لە هاوکێشەی ململانێ و هێزی ئەمڕۆدا، گلدانەوەی ئاو و بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان، هێندەی خاوەندارێتیی چەکی ئەتۆمی گرنگی و کێشی ستراتیژیی هەیە. بەنداو هێزێکی بەرگریی نەتەوەییە کە دەتوانێت ئاسایشی ئاو، ئاسایشی خۆراک و سەرچاوەی وزە لە هەڕەشە دەرەکییەکان و قەیرانەکانی وشکەساڵی بپارێزێت. بەنداو چەکی مەرگ نییە، بەڵکو چەکی راستەقینەی بەرگری، کۆڵەکەی مانەوە و ژیانبەخشینە بە خاکی کوردستان.

دەبێت بەپەلە رێڕەوە سروشتییەکان پاکبکرێنەوە، ژێرخانی ئاوەڕۆ نوژەن بکرێتەوە و وەبەرهێنانی جدی لە دروستکردنی بەنداوی گەورەدا بکرێت، تاوەکو باران بگەڕێتەوە سەر شێوازە سروشتییەکەی خۆی کە نیعمەت و ژیانە، نەک ترس و مەرگ.

خ.غ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان