ساڤیۆ لوقمان
زانکۆ وەکو باڵاترین دامەزراوەی ئەکادیمی لەسەر ئاستی جیهان، رۆڵی گرنگی لە گەشەپێدانی سیاسەت و پرۆسەی سیاسیدا هەیە، هەروەها شوێنی پێگەیاندنی کارەکتەر و سەرکردە سیاسییەکانە، بەتایبەت لە وڵاتانی گەورەی رۆژئاوا، جگە لە بوونی سەدان دامەزراوەی توێژینەوە لەبارەی زانستی سیاسەتەوە، هاوکات بەشی زۆری ئەو زانکۆیانە کۆلێژی سیاسەت، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسیەت هەیە و بودجەی گەورەیان بۆ پەرەپێدان و پێشخستنی ئەو بوارە داناوە.
لە چەند روویەکەوە زانکۆ دەتوانێت رۆڵی خۆی لە گەشەپێدانی سیاسەتدا ببینێت:
“کۆلێژی تایبەت بە زانستی سیاسی”
خوێندنی سیاسەت بەشێوەیەکی زانستی، بنەمایەکی گرنگە بۆ تێگەیشتنی زیاتر لە سیاسەت، میکانیزمەکانی بەشداریی سیاسی، تاکتیک و ستراتیژی سیاسی، چۆنێتی تێپەڕاندنی قەیرانە سیاسییەکان و زۆر شتی دیکەیش.
“سەنتەرەکانی توێژینەوەی سیاسی”
بوونی سەنتەری توێژینەوە و راپرسی لە زانکۆکاندا پەیوەندیدارە بە بەشداریکردنی زانکۆ لە پرۆسەی سیاسیدا، چونکە لە رێگەی توێژینەوە لە دیاردە یان قەیرانێکی سیاسیی دەتوانێت هاوکاربێت بۆ چارەسەرکردن و تێپەڕاندنی، هەروەها پەیوەندییەکیی راستەوخۆ لەگەڵ دامەزراوە سیاسییەکانی وەکوو حزبەکان و سەندیکاکاندا درووست دەکات و کاریگەرییەکانی زیاتر لەسەر پرۆسەی سیاسیی دەردەکەون.
هەروەها لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا لە رێگەی ئەنجامدانی راپرسییەوە، بەرچاوڕوونیی زیاتر سەبارەت بە دەرەنجامی هەڵبژاردنەکان دەخاتەڕوو، یان راپرسیکردن بۆ وەرگرتنی فیدباک سەبارەت بە قەیرانێکی سیاسی یان هەموارکردن و گۆڕینی دەستوور و پرسی سیاسیی دیکەش.
“گەشەی سیاسیی تاک و چەسپاندنی بەهاکان”
زانکۆکان رۆڵی گرنگیان هەیە لەسەر هۆشیارکردنەوەی تاک و گۆڕینی ئاراستەی بیرکردنەوە، هەروەها لە رێگەی ئاشناکردنی تاکەوە بە سیستمە سیاسییە پێشکەوتووەکانەوە، دەرفەتی زیاتر دەڕەخسێ بەرەو گرنگیدان بە چەسپاندنی بنەما و بەها باڵاکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ، ژن، دوورکەوتنەوە لە توندڕەوی و توندوتیژی، رەتکردنەوەی دیکتاتۆریەت و خۆسەپاندن، ئازادییە سیاسیی و رۆژنامەوانییەکان، تۆخکردنەوەی باوەڕبوون بە فرەیی سیاسی و زۆر پرسی دیکەی تر.
هەروەها زانکۆ دەرفەتی ئەوە بۆ تاکەکانی ناوچە جیاوازەکانی کۆمەڵگە دەڕەخسێنێ و بەیەکتر ئاشنا دەبن، کاتێک بێ جیاوازی و کۆتوبەند تاکەکانی کۆمەڵگە لە رێگەی ئاستی بەهرەدارییانەوە تیایدا بەیەکتر ئاشنابن و نزیکبوونەوەی وردە کولتوورەکان لەیەکتر دەکاتە بنیاتنانی کولتوورێکی باڵا کە بەهۆیەوە دەرفەتی زیاتر بۆ گەشەپێدانی سیاسی دەڕەخسێ.
رۆڵی پێچەوانەی زانکۆ
لەکاتێکدا زانکۆ ئەو رۆڵە باشانە دەگێڕێ کەوا خاوەن ستراتیژی گەشەپێدان و پێشکەوتنخوازانە بێ، هەروەها ئامانجی لە بەشداریی سیاسیی ئەوە بێت کەوا سیستمێکی دیموکراسی و لیبراڵ، پێشکەوتنخواز و پارێزگار لە مافەکانی مرۆڤ، ژن و کەمایەتییە ئایینی و نەتەوەییەکان بێتە کایەوە.
ئەگەر زانکۆ خاوەن ئەو ستراتیژە نەبوو، ئەوا رۆڵەکەی پێچەوانە دەبێتەوە، وەکو ئەوەی لە وڵاتێکی مەزهەبگەرا و خاوەن سیستمی دیکتاتۆریانە، یان خاوەن سیستمێکی ئایینی زانکۆ رۆڵی ئەرێنی هەیە و لەبری رەخساندنی دەرفەت بۆ پێشکەوتن دەبێتە هۆکاری دواکەتوویی و دوورکەوتنەوە لە بەشداریی سیاسیی راستەقینە.
زانکۆ لە وڵاتێکدا کەوا خاوەن سیستمێکی دیموکراسی بێت رۆڵی گرنگی هەیە، بەپێچەوانەوە لە سیستمێکی دواکەوتوو و داخراودا رۆڵی زانکۆ رۆڵێکی بنیادنەرانە و پێشکەوتووانە نابێ، رێگری و بەربەستەکان زۆرن و ئامانجی سیستمی سیاسیی داخراویش دژی پێشکەوتن و گەشەپێدانە.
ر.س