دەنگۆی بارانی زۆر و نائاسایی رەت دەكرێتەوە

مەودا میدیا-
شارەزایەكی كەشناسی ئەو دەنگۆیانە رەت دەكاتەوە كە باس لە بارینی بارانی نائاسایی و دەگەن لە چەند ناوچەیەك دەكات و دەڵێت “دوورن لە راستییەوە”.

پشتیوان پێنجوێنی، شارەزای كەشناسی بە مەودا میدیای راگەیاند “دەوترێت گوایە لە شاری كەركوك و چەند شارێكی تری عیراق بارانی زۆر و نائاسایی دەبارێت، بەڵام ئەو قسانە دوورن لە راستییەوە و هیچ خوێندنەوەیەكی لەو جۆرە لە ئێستادا لە كەشوهەوای رۆژانی داهاتوو ناكرێت”.

وتیشی “ئەمڕۆ بەهۆی ئەوەی بارستە هەوایەكی نیمچە گەرم روو دەكاتە ناوچەكانی عیراق و هەرێم، بۆیە پلەكانی گەرما بە بەراورد بە سەرمای چەند رۆژی رابردوو كەمێك بەرزتر دەبنەوە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد “ئەو بەرزبوونەوەیە لە پلەكانی گەرما تا رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە دەخایەنێت و بەوەش ئەو وشكەسەرمایە كۆتایی دێت كە هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە”.

ئەوەش لە كاتێكدایە كە ماوەی چەند رۆژێكە شەپۆلێكی ساردوسەرما بەشێكی زۆری ناوچەكانی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە و بەهۆیەوە لە بەشێك لە ناوچەكان پلەكانی گەرما لە شەواندا دەگەیشتە ژێر سفر”.

ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان