مەودا میدیا-
عەباس عیراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی كردەوە كە پلانی پێشنیازكراوی دوو رۆژە بۆ كردنەوەی گەرووی هورمز هێشتا لەبەردەستدایە و جێبەجێكردنیشی پەیوەستە بە پابەندبوونی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بە مەرجەكانی ئێرانەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند “یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن چیتر لەسەر مێزی گفتوگۆ نییە و لە رووی جێبەجێكردنەوە هیچ بایەخێكی نەماوە، بەڵام پلانی دوو رۆژەكە ئەوە دەخاتە روو كە ئەگەر ویلایەتە یەكگرتووەكان لە رۆژی یەكەمدا پابەندییەكانی خۆی جێبەجێ بكات، ئەوا لە رۆژی دووەمدا گەرووی هورمز دەكرێتەوە.”
وتیشی “پلانەكە هێشتا بەردەوامە و ئەگەر واشنتۆن جددی بێت، دەتوانێت بارودۆخی گونجاو بۆ گەیشتن بە رێككەوتن بڕەخسێنێت، بەڵام تاران تا ئێستا هیچ وەڵامێكی ئەمەریكی لەسەر پێشنیازەكەی پێنەگەیشتووە، بۆیە پێویستە واشنتۆن هەڵوێستی خۆی راست بكاتەوە ئەگەر لە گەیشتن بە رێككەوتنێكی راستەقینە جددییە”.
ئاماژەی بەوەش كرد “كردنەوەی گەرووی هورمز پێویستی بە جێبەجێكردنی حەوت مەرجەكەی ئێران هەیە و وڵاتەكەشی ئامادەی گفتوگۆكردنە ئەگەر لایەنی ئەمەریكی پێشنیازی هەبێت سەبارەت بە میكانیزمەكانی جێبەجێكردن”.
سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمیش، عیراقچی وتی “وڵاتەكەی هێڵی سووری دیاریكراوی هەیە لەبارەی یۆرانیۆمی پیتێنراوەوە، لە پێش هەمووشیانەوە نەبردنە دەرەوەی ئەو ماددانە لە ئێران، هەروەها بڕوای خۆی دەربڕی بە ئەگەری گەیشتن بە چارەسەرێكی دادپەروەرانە سەبارەت بە ماددە ئەتۆمییەكان كە لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە نیشتمانییەكانی ئێران بێت و پێداویستییەكانی وڵات مسۆگەر بكات”.
ئ پ