مەودا میدیا-
ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایکرد ئەگەر بەرپرسانی هەرێم سیاسەتیان بۆ خەڵک بووایە راستەوخۆ دوای کۆبوونەوەکان راستییەکانیان بۆ خەڵک بڵاودەکردەوە، نەوەک لەژێر فشاری دەیان هەواڵی میدیای عەرەبی و جیهانی و کوردیدا دوای (30) کاتژمێر روونکردنەوە بدەن.
عومەر گوڵپی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند “35 ساڵە بەتایبەت ئەم چوار ساڵەی کۆتایی، دۆستی ناوخۆو دەرەوە نەما هاوار نەکات بۆ چاکسازیی و خۆچاککردن و گۆڕانکاریی بە ئاراستەی بەرژەوەندییەکانی خەڵک و قەوارەی هەرێمی کوردستان، گوێیان لە کەس نەگرت”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “ئەوەی ئێستا روودەدات، چوار ساڵ لەمەوپێش جنین پلاسخارت، نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان لە ناو ماڵی هەرێمی کوردستان زۆر بە روونی و دڵسۆزانە پێی وتن، بۆ نەتانبیست”.
ئەوەشی خستەڕوو “بەداخەوە سەرەڕای هەموو مەترسییەکان، کەچی تاوەکو ئێستاش بەرپرسانی هەرێم ئامادە نین بچوکترین هەنگاو بە ئاراستەی بەرژەوەندییەکانی خەڵک بنێن”.
ب ح