مەودا میدیا-
ئەمڕۆ هەینی 3ـی تەموز، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە تاران لە دیداری لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران، جەختی لە هەڵوێستی بێلایەنی كوردستان لە بارەی گرژییە ناوچەییەكان و پاڵپشتیكردنی لە دانوستانەكانی نێوان تاران و واشنتۆن كردەوە.
دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند” لە كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ بەرپرسانی ئێران باس لە كۆمەڵێك پرس كراوە كە دیارترینیان گرژییەكانی ئەم دواییەی ناوچەكە بووە و تیایدا نێچیرڤان بارزانی جەختی لە بێلایەنی هەرێم و پابەندبوونی بە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە كردووەتەو”.
وتیشی” هەڵوێستی هەرێمی كوردستان پێش شەڕ و لە كاتی شەڕ و دوای شەڕ بە یەكگرتوویی ماوەتەوە، واتە رەتكردنەوەی چارەسەرە سەربازییەكان و باوەڕبوون بەوەی كە ناكۆكی و ناكۆكییە ناوچەییەكان بە زۆر چارەسەر ناكرێن، بەڵكو بە دیالۆگ و رێگەی ئاشتیانە چارەسەر بكرێن”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد” هەموو لایەنە بەشداربووەكانی ململانێكان، چ راستەوخۆ بەشداربن یان كاریگەرییان لەسەر بێت، بانگەوازی هەرێمی كوردستان بۆ كەمكردنەوەی كێشەكان بەرز دەنرخێنن”.
ئەوەش لە كاتێكدایە كە ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر لە سەركردە و بەرپرسانی ناوچەكە لە تاران بەشداریكرد لە مەراسیمی ماڵئاوایی رەسمی لە عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی كۆماری ئیسلامی ئێران.
ئ پ