مەودا میدیا-
وەزارەتى پلاندانانى عیراق فەرمانى وەزاریی بە قەزاکردنی ناحیەی گوڵاڵە (جەلەولا)ی بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد قەزاکە دەخرێتە ناو بەڕێوەبەرایەتی یەکە کارگێڕییەکانەوە.
خالید بەتال نەجم، وەزیری پلاندانانى عیراق بە وەکالەت فەرمانێکی وەزاری بە ژمارەى کارگێڕی (21101)ی بۆ بە قەزاکردنی گوڵاڵە دەرکرد و رایگەیاند “ئەم هەنگاوە ئامانجی بەهێزکردنی کارگێڕی و پاڵپشتیکردنی پێداویستییەکانی گەشەپێدانی ناوخۆیی شارۆچکەکەیە”.
ئەمە لە کاتێکدایە، بڕیارى بە شارۆچکەکردنى گوڵاڵە ناڕەزایەتى کوردی لێکەوتووەتەوە، چونکە گوڵاڵە یەکێکە لەو شوێنانەى کە دەکەوێتە سنووری مادەی 140ی دەستووری عیراق و رۆژی رابردووش نۆ ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى دیالە دژى بە شارۆچکەبوونی گوڵاڵە واژۆیان کۆکردەوە و داواى هەڵوەشاندنەوەى بڕیارەکەیان کرد.
ب ح