196 هێرشكراوه‌ته‌ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان

مه‌ودا میدیا-

تیمی کوردستانی عیراقی رێکخراوی سی پی تی ئه‌مه‌ریكی رایگه‌یاند، له‌و كاته‌وه‌ی هێرشه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل بۆ سه‌ر ئێران ده‌ستیان پێكردوه‌، تاوه‌كو ئێستا ئێران و گروپه‌ چه‌كداره‌ هاوپه‌یوه‌نده‌كانی، 196 هێرش و بۆردوومانیان بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامداوه‌.

به‌پێى راگه‌یه‌ندراوێكى رێكخراوه‌كه‌ “لە 28ی شوباتی 2026ەوە، سوپای پاسدارانی ئێران و گروپە هاوپەیوەندەکانی لە عیراق، سەرباری بە ئامانج گرتنی کۆنسوڵخانەی گشتیی ئەمه‌ریکا لە هەولێر، بنکە سەربازییەکانی ئەمه‌ریکا، کامپی پەنابەرانی کوردانی رۆژهەڵاتی کوردستان و بارەگای حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی رۆژهەڵات و فڕۆکەخانەی هەولێرو کێڵگەی نەوتی و هۆتێل و ناوچەی نیشتەجێبون و بارەگای کۆنی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان و بورجی کۆمپانیای پەیوەندیکردن و بارەگای فەرماندەیی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی کوردستانیان بە ئامانجگرتوە”.

باس له‌وه‌شكراوه‌ “لە ساتەوەختی دەستپێکردنی جەنگەکەوە، سوپای پاسدارانی ئێران و گروپە هاوپەیوەندەکانییان لە عیراق، 196 هێرش و بۆردوومانیان بۆ سەر هەرێمی کوردستانی عیراق ئەنجامداوە”.

هه‌روه‌ها “لەو ژمارەیە، 162 هێرشیان بۆ سەر سنوری پارێزگای هەولێر، 26 هێرشیان بۆ سەر سنوری پارێزگای سلێمانی، 5 هێرش بۆ سەر سنوری پارێزگای دهۆک و 3 هێرشیش بۆ سەر سنوری پارێزگای هەڵەبجە بوون”.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو “لەو هێرشانە، 43 هێرشیان بۆ سەر بارەگای حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون لە هەرێمی کوردستان، 58 هێرشیان بۆ سەر کۆنسوڵخانەی گشتیی ئەمه‌ریکا لە هەولێر و بنکەی سەربازی و بارەگا پەیوەندیدارەکان بە حکومەتی ئەمه‌ریکا بوون، 95 هێرشی تریان بۆ سەر هۆتێل، ناوچەکانی نیشتەجێبون، بارەگای هێزەکانی پێشمەرگە، کێڵگەی نەوتی، کۆمپانیا و شوێنە ئاوەدانە مەدەنی نشینەکان بون”.

ع

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان