مەودا میدیا-
دوای هێرشەكانی ئەم بەیانییەی سەر هێزەكانی پێشمەرگە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت” داوا لە حكوومەتی فیدراڵیی عیراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین هەوڵەكان چڕتر بكەنەوە بۆ رێگریكردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم دەستدرێژییانە و پاراستنی سەروەریی خاكی عیراق و هەرێمی كوردستان”.
دەقی راگەیەنراوەكە:
بە توندی سەركۆنەی ئەو هێرشە مووشەكییەی ئێران دەكەین كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بارەگاكانی هێزی پێشمەرگەی لە سنووری سۆران بە ئامانج گرت و لە ئەنجامدا ژمارەیەك پێشمەرگەی قارەمان شەهید و بریندار بوون، پرسە و سەرەخۆشیی قووڵی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان دەكەین و هاوخەمیانین، هیوای چاكبوونەوەی خێراش بۆ برینداران دەخوازین.
هەرێمی كوردستان هەمیشە فاكتەری ئارامی و سەقامگیری بووە، ئێمە پابەندین بە سیاسەتی تێوەنەگلان و دووركەوتنەوە لە ململانێكان، بە هیچ شێوەیەكیش هەڕەشە نین بۆ سەر ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ، بۆیە ئەم هێرشە دەستدرێژییەكی دوژمنكارانەی راستەوخۆیە بۆ سەر سەروەریی وڵات و هیچ پاساوێك هەڵناگرێت و تەواو پێچەوانەی بنەماكانی دراوسێیەتیی باشە.
داوا لە حكوومەتی فیدراڵیی عیراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین هەوڵەكان چڕتر بكەنەوە بۆ ڕێگریكردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم دەستدرێژییانە و پاراستنی سەروەریی خاكی عیراق و هەرێمی كوردستان.
ئ پ