دەقی رێککەوتنی یەکێتی و نەوەی نوێ بڵاوکرایەوە

مەودا میدیا-

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026/7/2، بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە هۆتێل شاری جوان رێککەوتنی یەکێتی و نەوەی نوێ بە ئامانجی کارکردنی هاوبەش و قۆناغێکی نوێ لە پرۆسەی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان واژۆکرا.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە وتەیەکدا رایگەیاند “بۆ لەمەودوا ئەوان لە کوردستان و بەغدا هێزی ژمارە یەکن و دەرگایان بەڕووی پارتی و هەموو لایەنەکان کرایەوە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “بەرپرسیارێتیی واتە خزمەتکردنی میللەت بۆیە چیتر خودای گەورە و خەڵک و وڵاتان ئەم دۆخەیان لێ قبوڵناکەن، پۆستەکان گرنگ نین و بەڵکو ئەوان حکومەتێکی جیاوازیان دەوێت”.

لای خۆیەوە شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند “ئەم بەڵێنانە دەکەنە بەرنامەی کاری کابینەی داهاتوویی حکومەت، بەرژەوەندىی خەڵک بخەنە پێشەوە ئەوا هەمووان سەرکەوتوو دەبن”.

دەقی رێککەوتنەکەی یەکێتی و نەوەی نوێ :

دیموکراسی و پاراستن و بەرجەستەکردنی مافی هاووڵاتیان و باشترکردنی ژیان و گوزەرانیان و باشترکردنی حوکمڕانی، هەردوولا (جوڵانەوەی نەوەی نوێ و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان) ڕێککەوتنێکی سیاسیی ستراتیجی بۆ گەڕانەوەی هاوسەنگی و ڕێکخستنەوەی بالانسی هێز لە دیمەنی سیاسیی هەرێمی کوردستان و، بەهێزکردنی هاوبەشیی نیشتمانیی بەشێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هاووڵاتیان بکات بەبێ جیاوازی و بەڕێوەبردنێکی دادپەروەرانە و شەفاف بۆ سەرچاوە گشتییەکان دابین بکات؛ ڕێککەوتنێک ئیمزا دەکەن.

ئەم ڕێککەوتنە وەڵامێکە بۆ ئاڵۆزییە سیاسیی و ئابوورییەکانی ئێستای هەرێمی کوردستان و عێراق و هەوڵێکە بۆ دروستکردنی نموونەیەکی نوێی حوکمڕانی کە لەسەر بنەمای دادپەروەری، هاوسەنگی دامەزراوەیی و شەفافییەت لە بەڕێوەبردنی داهاتە داراییەکاندا بنیات دەنریت و، بۆ زیادکردنی متمانەی هاووڵاتیان بە دامەزراوە فەرمییەکان و، کارکردنی دامەزراوەکانیش بۆ باشکردنی گوزەران و مووچە و پێشکەشکردنی باشترین خزمه‌تگوزاری بۆ هاووڵاتیان.

بنەماکانی ئەم ڕێککەوتنە:

یەکەم: ئامانجەکانی ڕێککەوتن
1- گەڕانەوەی هاوسەنگی و بالانسی هێزە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی هاوکاریی دامودەزگاکانی حوکمڕانی و پەرلەمان و سیاسیی و دروستکردنی یەک بلۆکی سیاسیی بۆ ئەم قۆناغە.

2-بەهێزکردنی کاری هاوبەش بۆ پێکهێنانی دامەزراوە فەرمییەکان لەسەر بنەمای ڕێککەوتن و هاوسەنگی.

3-چەسپاندنی بنەماکانی دادپەروەری و شەفافییەت لە بەڕێوەبردنی سەرچاوە و داهاتە داراییەکان کە گرنگترینیان چەسپاندنی یاسای بودجەیە بۆ هەرێمی کوردستان.

4-پەرەپێدانی سیستمێکی حوکمڕانی دامەزراوەیی کە سنووردارکردن و نەهێشتنی قۆرخکاری دەسەڵات بکات و چاودێری و لێپرسینەوە بەهێز بکات.

5-چەسپاندنی بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانی یاسادانان، چاودێری، جێبەجێکردن، و دادوەری لە یەکتری و ڕێزگرتن لە سەربەخۆیی و بێلایەنی دەسەڵاتی دادوەری.

دووەم: هاوکاری لە ئاستی پەرلەمانی کوردستان
1-هەماهەنگی و یەک هەڵوێستی لە ناو پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ پشتیگیری لە چاکسازی سیاسیی و دامەزراوەیی و پشتگیریکردنی پڕۆژە هاوبەش و گرنگەکان لە پێناو بەیاساییکردنیان.

2-پشتیگیری لە یاساکان کە شەفافییەتی دارایی و چاودێری لە داهاتە گشتییەکان زیاد دەکەن

3-پێکهێنانی لیژنەی هاوبەش بۆ چاودێریکردن لە جێبەجێکردنی چاکسازییەکان و هەڵسەنگاندنی کارکردن.

4-بەهێزکردنی ڕۆڵی پەرلەمانی کوردستان وەک دەسەڵاتی چاودێری و یاسادانان.

5-ڕێککەوتن لەسەر ئامادەکردنی پڕۆژە یاساکان و پەسەندکردنیان لە لایەن پەرلەمان و دەزگا تەشریعییەکان.

6-کارکردن بۆ گێڕانەوە و هەموارکردنی ئەو یاسایانەی پێویستە هەموار بکرێنەوە و ئەو بڕیارانەی بەدەر لە یاساکانی پەرلەمان دەرچوێندراون و بوونەتە مایەی زیان بۆ ژیان و گوزەرانی چین و توێژە جیاوازەکانی هاووڵاتیان.

7-ئامادەکردنی ئەو پڕۆژە یاسایانەی کە ئاستی بژیوی هاووڵاتیان باشتر دەکەن و پەسەندکردنیان بەتایبەت لە بوارەکانی تەندروستی، پەروەردە، هەموو سێکتەرە خزمەتگوزارییەکان، باج و ڕسوومات>

8-هاوپەیمانیتییەکە پێکەوە کار دەکەن لە کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێم بۆ چەسپاندنی ئەم خاڵانە و جێبەجێکردنیان:

أ- گێڕانەوەی بڕێک لە پارەی پاشەکەوتکردن و لێبڕینی مووچەی مووچەخۆران و کردنەوەی ژمارە حیساب بۆیان.

ب- پێدانی سلفەی زەواج بە گەنجان.

پ- دابەزاندنی نرخی کارەبا و خزمەتگوزارییەکانی تر.

ت- کەمکردنەوەی باج و ڕسوومات لەسەر کاسبکاران.

ج-دۆزینەوەی هەلی کار بۆ دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان و دامەزراندنی دامەزراوەیەک بۆ ڕاژە و هەلی کار.

چ- یەکلاکردنەوەی کێشەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی کاتی و گرێبەست.

سێیەم: هاوکاری لە ئاستی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
1-یەکخستنی هەڵوێستە سیاسییەکان لە ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی مافەکانی هەرێم، بەتایبەت بودجە و ماف و شایستە داراییەکانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و پرسی ناوچە جێناکۆکەکان و پێشمەرگە.

2-کاری هاوبەش بۆ دڵنیابوون لە پاراستنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سیستمی فیدراڵیدا.

چوارەم: بنەماکانی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان
1-کارکردن لەسەر پێکهێنانی حکومەتێک پشتبەست بە بالانسی هێز و لەسەر بنەمای هاوسەنگی سیاسیی و هاوبەشیی ڕاستەقینە.

2-کارکردن بۆ دابەشکاری پۆستەکان لەسەر بنەمای دادپەروەری لە بەرپرسیاریتییە حکومییەکان.

3-دڵنیابوون لە شەفافییەتێکی تەواو لە بەڕێوەبردن و کۆکردنەوەی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان.

4-دروستکردنی میکانیزمی چاودێری دارایی سەربەخۆ بۆ پاراستنی شەفافییەت و لێپرسینەوە.

5-بەهێزکردنی ڕۆڵی دامەزراوەکانی چاودێری، دادوەری و دەستەی دەسپاکی، دوور لە دەستێوەردانی حزبی.

6.چەسپاندنی مەرجی هەبوونی یاسای بوودجە کە پەسەندکراوی پەرلەمانی کوردستان بێت و لەژێر چاودێری ئەویش جێبەجێ بکرێت لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، بەمەرجێک دادپەروەری بۆ هەموو ناوچەکان تێدا بێت.

پێنجەم: بنەما گشتییەکان
1-هەردوو لایەن پابەند دەبن بە کاری هاوبەش بۆ ڕێکخستنەوەی ئاڕاستەی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەک کە بنەماکانی دیموکراسی و هاوسەنگی دامەزراوەیی بەهێز بکات.

2-دەستپێکردنی بەرنامەیەکی چاکسازی گشتی بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی میکانیزمەکانی بڕیارسازی حکومی و پەرلەمانی بەشێوەیەکی شەفەفانە و دیاریکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و وەزیرەکان.

3-بەهێزکردنی سەربەخۆیی دەسەڵاتەکانی یاسادانان و دادوەری و دڵنیابوون لە جیاکاری و جیاوازی نیوان دەسەڵاتەکان.

4-کارکردن لەگەڵ گشت لایەنە سیاسییەکان و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان بۆ ئامادەکردن و پەسەندکردنی دەستووری هەرێمی کوردستان کە پارێزەری قەوارە و ماف و شایستەکانی هاووڵاتیان بێت و گەرەنتی پڕۆسەی دیموکراسی و مافە مەدەنییەکان بکات.

5-پێداچوونەوە بە سیاسەتە دارایی و کارگێڕییەکان بەشێوەیەک کە بەڕێوەبردنێکی دادپەروەرانەی داهات دڵنیا بکات و دابەشکردنێکی هاوسەنگ لە نێوان دامەزراوە و ناوچەکاندا دروست بکات.

6- پەیڕەوکردنی ستاندارەکانی حوکمڕانی باش لە دیاریکردنی کارمەندانی پلە باڵا.

7-کردنەوەی دەرگا بۆ بەشداریکردنی هێزە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان لە پڕۆسەی چاکسازی بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی سیاسیی و جێگیریی دامەزراوەیی.

شەشەم: میکانیزمەکانی جێبەجێکردن و بەدواداچوونی ئەم ڕێککەوتنە
1-پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لە هەردوولا بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی بڕگە و ماددەکانی ئەم ڕێککەوتنە.

2-ئەنجامدانی کۆبوونەوەی خولی بۆ هەڵسەنگاندن و دیاریکردنی کەموکوڕییەکان لە ئەگەری هەبوونیان.

کۆتایی:

هەردوو لایەن پشتڕاست دەکەنەوە کە ئەم ڕێککەوتنە هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ دروستکردنی قۆناغێکی نوێی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان، کە لەسەر بنەمای گێڕانەوەی هاوسەنگی و بالانسی هێز، دادپەروەری و بەهێزکردنی متمانەی هاووڵاتیان بە دامەزراوەکان دروستکرابێت و کارکردنی هاوبەش بۆ داهاتوویەکی جێگیر و گەشەپێدراو لە پێناو خزمەتکردنی هاووڵاتیان

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان