مەودا میدیا-
بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاریی کاروباری زیندانییانی سیاسی لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێم ئاشکرایکرد حکومەتى هەرێم رەزامەندیى نیشانداوە بە گواستنەوەى دۆسییەى زیندانییە سیاسییەکان بۆ سەر بەغدا.
ئەحمەد مام رەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاریی کاروباری زیندانییانی سیاسی رایگەیاند “گواستنەوەی دۆسییەی زیندانیانی سیاسی هەرێم لەسەر پێشنیازی ئەوەان بووە و مینحەی مانگانەیان لە 500 هەزار دینارەوە بۆ یەک ملیۆن و 200 هەزار دینار زیاد دەبێت و سەرجەم ماف و ئیمتیازاتەکان دەیانگرێتەوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “رۆژی 2026/3/18، بە نوسراوى ژمارە(3045) سەرۆکى حکومەتى هەرێم بڕیارىدا بە پێکهێنانى لیژنەیەکى باڵا بەسەرۆکایەتى دیوانى ئەنجومەنى وەزیران و ئەندامێتى سکرتێرى ئەنجومەن و وەزیرى دارایى و ئابوورىی و وەزیرى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان و فەرمانگەى هەماهەنگى و بەدواداچوون و لەگەڵ نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێم لە بەغدا بەمەبەستی یەکلاکردنەوەی کۆتایی بە پرسی گواستنەوە و هاوتاکردنی مووچەی زیندانیانی سیاسی هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ”.
ئەوەشی خستەڕوو “جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە و خەرجکردنی مووچە هاوشێوەی زیندانیانی سیاسی لە عیراق بەستراوەتەوە بە هەبوونی یاسای بودجە و تەرخانکردنی دارایی لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە بۆ زیندانیانی سیاسی هەرێمی کوردستان”.
باسی لەوەشکرد “ناوی 25 هەزار و 824 زیندانی سیاسیی رەوانەی بەغدا کراوە کە رێکارە یاساییەکانیان تەواو بووە، هەروەها 17 هەزار دۆسییەی تر ئامادەن بەڵام هێشتا وردبینییان بۆ نەکراوە و لە ئێستادا تەنها هەزار و 591 زیندانی سیاسی مانگانە مینحە وەردەگرن کە حکومەتی هەرێم مانگانە 744 ملیۆن دیناریان بۆ خەرج دەکات، بەڵام بە کۆی گشتیی ژمارەی زیندانیان لە هەرێمی کوردستان دەگاتە 42 هەزار و 824 زیندانی”.
ب ح