مه‌ودا میدیا-
پێگه‌ی هه‌واڵی ئیسرائیلی واڵا به گێڕانه‌وه له سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵای ئه‌منیی ئیسرائیل بڵاویکردووه، موجته‌با خامنه‌یی رێبه‌ری شۆڕشی ئیسلامی ئێران دوای برینداربوونی له کاتی ده‌ستبه‌کاربوونیدا، ئه‌ركه‌كانى جێبه‌جێ ناكات، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێران شایەتی ململانێیەکی توندی دەسەڵاتە لە نێوان مەسعود پزیشکیان سه‌رۆك كۆمارى ئێران و سوپاى پاسداران.
ئەو سەرچاوەیە روونیکردوه‌ته‌وه “ناکۆکییەکان لەناو پلە باڵاکانی دەسەڵات لە تاران پەرەی سەندووە، لەگەڵ پەرەسەندنی ناکۆکی نێوان مەسعود پزیشکیان، سه‌رۆك كۆمارى ئێران لەگەڵ سەرکردە توندڕەوەکانی ناو سوپای پاسداران کە پاڵپشتی بەردەوامی پەرەسەندن دەکەن.
به‌پێى سه‌رچاوه ئیسرائیلییه‌كه “ئیسرائیل خۆی ئامادە دەکات بۆ درێژەدان بە تیرۆرە ئامانجدارەکانی ئەفسەرانی باڵای سوپای پاسداران لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەردەوامەکاندا”.
باسى له‌وه‌شكردووه “سوپای ئیسرائیل هەوڵەکانی بۆ دیاریکردنی شوێنی حەشارگەی فەرماندە باڵاکان چڕتر دەکاتەوە”.
“هێزی ئاسمانی ئیسرائیل رۆژانه هێرشه‌كانى خۆى ئه‌نجامده‌دات و ئامانجه‌كه‌ش بۆ سه‌ر سه‌ركرده سه‌ربازییه‌كانى ئێرانه‌و رۆژانه‌ش چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كى ئێران به ئامانج ده‌گیرێت و ده‌كوژرێن”.
سەرچاوەکە لە کۆتاییدا وتی “ئەوەی راگەیەندراوە ڕەنگدانەوەی تەواوی قەبارەی ئۆپەراسیۆنەکان نییە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە بەشێکی بەرچاو لەو ئامانجانه بۆ میدیاکان ئاشکرا ناکرێت”.
شه‌وى رابردوو، میدیاكانى ئێران گرته‌یه‌كى ڤیدیۆیی موجته‌با خامنه‌یی، رێبه‌رى باڵاى ئێرانیان بڵاوكرده‌وه كه به‌شداریی هێرشه مووشهكییهكانى وڵاته‌كه‌ى ده‌كات بۆ سه‌ر ئیسرائیل و بنكه و باره‌گاكانى ئه‌مه‌ریكا له ناوچه‌كه.
له لایه‌كى تره‌وه، له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنى هێرشى ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل بۆ سه‌ر ئێران، تا ئێستا به فه‌رمیی موجته‌با هیچ ده‌ركه‌وتنێكى نه‌بووه و چه‌ندجارێكیش په‌یامى بڵاوكردووه‌ته‌وه.
ع