دەنگێک بۆ هەرێم لە سەکۆی جیهانیدا

سۆزان ئەنوەر

لە دنیایەکدا کە میدیا بە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی کاریگەریی سیاسی دادەنرێت، چاوپێکەوتنی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان،  بافڵ تاڵەبانی، لەگەڵ فۆکس نیوز، تەنها هەواڵێکی ئاسایی نییە، بەڵکو هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ گەیاندنی دەنگی هەرێمی کوردستان بۆ ناوەندی بڕیاردان لە جیهاندا.

ئەم چاوپێکەوتنە لە کاتێکدا روودەدات کە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی چەندین ئاڵۆزیی سیاسی و ئاسایشی دەبێتەوە. لەبەرئەوە، گەیشتن بە میدیایەکی کاریگەر و بەربڵاوی وەک فۆکس نیوز، مانایەکی گەورەی هەیە: گواستنەوەی راستەوخۆی وێنە و پەیامی هەرێم بۆ گەل و دامەزراوە سیاسییەکانی  ئەمەریکا.

ئەمە دەتوانێت، دۆخێکی نوێ لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمدا دروستدەکات و متمانەی هاوپەیمانانی خۆرئاوا بەهێز دەکات و هەرێم وەک کاراکتەرێکی کاریگەر لە ناوچەدا زیاتر دەناسێنرێت.

ئەم جۆرە ئامادەبوونە لە سەکۆی میدیای جیهانیدا، وێنەیەکی نوێ و مۆدێرن لە سەرکردایەتیی کوردی پیشان دەدات، وێنەیەک کە تەنها ناوخۆیی نییە، بەڵکو زمانێکی تێگەیشتوو بۆ جیهان قسە دەکات.

لە ناوخۆی هەرێمیشدا، ئەم چاوپێکەوتنە کاریگەریی خۆی هەیە، کاتێک هاوڵاتییەک دەبینێت سەرکردەکەی لە میدیایەکی جیهانیدا بە بەهێزی قسە دەکات، هەستێکی متمانەی لا دروست دەکات کە ئێستا زۆر پێویستە.

ئەم چاوپێکەوتنە، نابێت تەنها وەک گفتوگۆیەکی میدیایی ببینرێت، بەڵکو دەبێت وەک هەوڵێکی روون بۆ پاراستن و بەهێزکردنی شوێنی هەرێمی کوردستان لە سەکۆی نێودەوڵەتیدا ببینین.

خ.غ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان