ژیان عەزیز گەردی
پێشەکی؛ مێژووی گەلان تەنها کۆمەڵێک بەسەرهات و رووداوی رابردوو و بەسەرچوو نییە، بەڵکوو کۆڵەکەی سەرەکیی دروستبوونی هۆشیاریی بەکۆمەڵە و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەییە. بۆ گەلی کورد، مێژوو زۆرجار بە خوێن و کارەساتی تاڵ نووسراوەتەوە. ئەم مێژووە لێواولێوە لە وانەی قورس کە تێگەیشتن لێیان، نەک تەنها بۆ تێگەیشتن لە رابردوو، بەڵکوو بۆ خۆگونجاندن و سەرفرازبوون لە جیهانی ئاڵۆزی ئۆتۆماتیکی و تەکنەلۆژیای سەردەمدا بووەتە پێداویستییەکی حاشاهەڵنەگر.
۱– خەنجەری بێ مێژووییکردن و داگیرکاریی هزری و بیرکردنەوەکان
کاتێک هێزە داگیرکەرەکان ویستوویانە نەتەوەیەک بشکێنن، تەنها دەستیان بۆ داگیرکردنی خاک و تاڵانکردنی سەروەت و سامان نەبردووە، بەڵکوو گەورەترین زەبریان لە هزر و بیرکردنەوەی بەکۆمەڵی ئەو نەتەوەیەدایە. لە رێگەی دەستکاریکردنی مێژوو یان فەرامۆشکردنی، هەوڵ دراوە کورد وەک نەتەوەیەکی بێ مێژوو و بێ شارستانییەت وێنە بکەن.
کارەساتەکان و بەسەرهاتەکانی کورد بەدرێژایی مێژوو چەند بارە بووەتەوە وەک “فڕۆشتنی کچانی قوچان” لە سەردەمی قاجاردا کە تێیدا نزیکەی ۳۰۰ کچی کوردی باکووری خۆراسان لەبری باج رفێندران و فرۆشران، تەنها نموونەیەکی بچووکی ئەو زۆرداری و بێ مافییەیە کە بەسەر ئەم گەلەدا هاتووە تا دوا کۆمەڵکوژی ٥۰۰۰ کەس و رفاندنی ٦٤۱۷ کچان و مێرمنداڵانی کوردانی ئێزدی، بەڵام مەترسییە گەورەکە کاتێک دەستپێدەکات کە رووداوی لەم شێوەیە لە یادەوەرییەکاندا بسڕدرێتەوە، چونکە نەتەوەیەک مێژووی راستەقینەی خۆی نەزانێت، مەحکوومە بە دووبارەکردنەوەی هەمان تاڵاوی خۆشباوەڕی و کارەسات.
۲– نەخۆشیی خۆشباوەڕی و نەمانی بنەما جێگیرەکان
لە زۆربەی وەرچەرخانە مێژووییەکاندا، گەورەترین خاڵی لاوازی کورد بریتی بووە لە خۆشباوەڕیی سیاسی؛ واتە بڕواکردنی سادە بە بەڵێنی هێزە دەرەکییەکان و فەرامۆشکردنی وانەکانی رابردوو. لە سەردەمی هاوچەرخدا، ئەم کێشەیە قووڵتر بووەتەوە:
ریتمی خێرای ژیان: لافاوی زانیاریی رۆژانە لە سۆشیال میدیا و بەکاربردنی خێرا، دەرفەتی بیرکردنەوەی قووڵ و شیکاریی زانستیی کەم دەکاتەوە.
کاڵبوونەوەی بەها و بنەماکان: لەدەستدانی نەخشەڕێگەیەکی گشتگیر و پرەنسیپی هاوبەش لەسەر پرسە چارەنووسسازەکان، کۆمەڵگەی رووبەڕووی پەرشوبڵاوی و بەرژەوەندپەرستیی کورتخایەن کردووتەوە.
۳– بڕبڕەی پشتی پاراستنی ناسنامە: دایک و پەروەردە
بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم داخورانە هزرییە، ناتوانرێت پشت بە دروشمی سیاسی ببەسترێت، بەڵکوو گەڕانەوەیە بۆ بنەما بنەڕەتییەکانی دروستبوونی مرۆڤ.
سەرچاوەی سەرەکیی رزگاری لە دوو پایەی بنەڕەتیدا کورت دەبێتەوە:
پەروەردەی خێزانی و رۆڵی دایک: لە تەمەنی خوار سێ ساڵییەوە، دایک یەکەم داڕێژەری هۆشیاری، بەهاکانی ژیان و هەستی بڕوا بەخۆبوونە لە دەروونی منداڵدا. خێزانێکی بەهێز دەتوانێت ئاستەنگییە دەروونی و فکرییەکانی داهاتووی منداڵ بنبڕبکات.
سیستمی پەروەردە و پەرتووکی خوێندن: پەرتووکی خوێندن نەک تەنها وەک بابەت بۆ لەبەرکردن، بەڵکوو دەبێت ببێتە ئامرازێک بۆ دروستکردنی بیرکردنەوەی رەخنەیی و ناساندنی مێژووی راستەقینە. ئەگەر قوتابخانە نەوەیەک پێبگەیەنێت کە فێری گومانکەر بێت و بێ بەڵگە بابەتەکان وەرنەگرێت، کۆمەڵگە بەئاسانی ناخەڵەتێت.
٤- ئاڵۆزی و مەترسییەکانی سەردەمی زیرەکی دەستکرد (AI)
کاتی خۆی هۆشیاریی مرۆڤ بەرانبەر زۆرداریی فیزیکی دەوەستایەوە، بەڵام ئەمڕۆ لەگەڵ هاتنی زیرەکی دەستکرددا، جەنگەکە چووەتە رووبەری خاوەندارێتیی ژیری و بیرکردنەوە.
تەمبەڵی بیرکردنەوە: ئامادەبوونی وەڵامە خێراکان لەلایەن هۆش لەبەرکرایەکانەوە، مەترسیی دروستکردنی نەوەیەکی تەمبەڵ پێشدێنێت کە توانای شیکاریی قووڵ و بەدواداوچوونی مێژوویی لەدەست بدات.
داگیرکاریی نەرم: ئەگەر نەتەوەیەک خۆی خاوەنی هاوکێشە و بەهای سەربەخۆی خۆی لە پەروەردەدا نەبێت، ژیریی کۆمەڵایەتیی دەسپێرێتە دەست ئەو ئەلف و بێیانەی کە لەلایەن ئەوانی ترەوە ئاراستە دەکرێن.
وانەی گەورەی مێژووی کورد لە کارەساتەکانی پێش قوچانەوە تا سەردەمی زیرەکی دەستکرد، یەک شتە: “نەتەوەیەک خاوەنی هۆشیاریی مێژوویی و پەروەردەیەکی بەهێز نەبێت، هەمیشە دەبێتە قوربانیی بڕیار و پیلانەکانی تر”.
ئامرازی نوێی سەردەم (وەک زیرەکیی دەستکرد) نابێت ببنە جێگرەوەی مێشک و بیرکردنەوەی راستەقینە، بەڵکوو دەبێت ببنە خزمەتکارێک بۆ رێکخستن و گەشەپێدانی فکری. رزگاریی راستەقینە لە ماڵەکانەوە لەلایەن دایکانەوە دەستپێدەکات، لە رێگەی پەرتووکی خوێندنی راستەقینەوە لە قوتابخانەکاندا تۆکمە دەبێت و لە هۆشیاریی نەوەیەکدا رەنگ دەداتەوە کە چیتر خۆشباوەڕ نییە و مێژووی خۆی بە راستگۆیی دەنووسێتەوە.
خ.غ