مەودا میدیا-
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران سەبارەت بە بەردەوامی هێرشە مووشەکیی و درۆنەکانی ئێران بۆ سەر کەمپەکان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد هێرش لە کاتی ئاگربەستدا، نیشانەی بنبەستی سیاسی و سوپایی ئێرانە.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران رایگەیاند “تاوەکو رووخانی رژێمی کۆماری ئیسلامی و بەدیهێنانی مافە نەتەوایەتییەکانی گەلەکەمان، لە خەبات و تێکۆشان بەردەوام دەبین”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “ئەمڕۆ و دوێنێ رژێمی ئێران، چەند ناوچەیەکی لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەت پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆردومانکردووە و بەهۆیەوە ژنە پێشمەرگەیەکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان شەهیدبووە و دوو کەسی تر برینداربوون”.
دەقی راگەیەندراوەکەی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران:
خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!
ڕای گشتیی و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان!
کۆماری ئیسلامیی ئێران، جارێکی دیکە لە ڕێگەی هێرشی درۆنییەوە، سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستانی پێشێل کرد و کامپی پەنابەرانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بە ئامانج گرتەوە. ئەم هێرشانە کە لە کاتی ڕێککەوتنی ئاگربەستدا کران، جارێکی دیکەپەردەی لەسەر ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی ڕژێمێک لادا کە هیچ کات بڕوای بە ئاشتی و چارەسەری سیاسی نەبووە و سەرکوت، زەبروزەنگ و تیرۆر کۆڵەکەی سەرەکیی مانەوەیەتی. ئەم پەلامارانە نەک نیشانەی هێز نین، بەڵکوو دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە ڕژێم لە ئاست ئیرادەی گەلەکەمان و ئەو بنبەستە سیاسی و نیزامییەی کەوتووە، تووشی شڵەژان و نائومێدی بووە.
بەداخەوە، لە نوێترین شەپۆلی ئەم هێرشانە بۆ سەر کامپەکانی “ئازادی”ـی حزبی دیموکرات و “سوورداش”ـی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان، دوو پێشمەرگە بریندار بوون و “غەزاڵ مولان”، کچە پێشمەرگەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان، شەهید بوو.
هاوپەیمانیی کوردستانی ئێران ڕادەگەیەنێت کە بە ئامانجگرتنی شوێنی ژیانی خەڵکی سڤیل و پەنابەران، پێشێلکردنێکی زەقی یاسا نێودەوڵەتییەکان و هەروەها کۆنڤانسیۆنی ژنێڤە. هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران داوا لە حکومەتی فیدراڵیی عێراق، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات، تەنیا بە ئیدانەکردنی ئەو هێرش و دەستدرێژییانە نەوەستن و هەنگاوی کردەیی بۆ ڕاگرتنی ئەم پەلامارانە بنێن کە هەم بێڕێزی و پێشێلکردنی سەروەریی عێراق و هەرێمە و هەم بەهێندنەگرتنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
ڕژێمی ئێران دەبێت بزانێت کە تیرۆر، تۆقاندن و درۆنباران، ناتوانێت ئیرادەی نەتەوەیەک بۆ بەدیهێنانی مافە ڕەواکانی سست بکات و ئەم هێرشانە یەکڕیزیی هێزە سیاسییەکان و جەماوەری کوردستان بۆ کۆتایهێنان بە ستەمکاری و داگیرکاری بەهێزتر دەکات.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکان وێڕای نوێکردنەوەی بەڵێن لەگەڵ شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری ڕادەگەیەنێت کە هەتا ڕووخانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی و بەدیهێنانی مافە نەتەوایەتییەکانی گەلەکەمان، لە خەبات و تێکۆشان بەردەوام دەبێت.
ب ح