سۆزان حەمەتاتە
بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی گەش کەوا ئەرکێکی گشتەکییە، یەکەم رێگری و گرفتی گەورەی بەردەمی پەرتەوازەییە، هەڵبەت بیانوو و هۆکارەکان هەرچییەک و هەرچۆن بن، ناتوانن لە مەترسییەکان کەم بکەنەوە و وامان لێبکەن رەوایەتیی بدەینە ئەو لێکترازانە مەترسیدارەی ئێستا هەیە، بەڵکوو دەبێت بەدوای چارەسەری بنەڕەتییدا بگەڕێین و هەوڵی ئەنجامگیرییەکی باش بدەین.
کورد، لە هەموو بەشەکانی کوردستان، هەروەها بەشە هەندەرانییەکەی کوردیش کە دابەشبوونە بەسەر وڵاتانی جیهاندا، لەبەردەم مەترسیی گەورەی کاڵبوونەوەی ناسنامە و نەبوونی گوتارێکی نەتەوەییدایە، ئەمە لەکاتێکدایە رۆژ لەدوای رۆژ وڵاتانی گەورەی بەرژەوەندییخواز لە دەوری یەکتر کۆدەبنەوە و نەتەوە پەرتەوازە و بێ هێزەکان دەکەنە قوربانیی سیاسەتەکانیان بۆ ئەوەی خۆیان زیاتریان دەستبکەوێ.
قەبارەی مەترسییەکانی سەر کورد لە هەر کاتێکی دیکەی مێژووی نەتەوەکەمان زیاتر گەورەن، لەو نێوەندەدا کورد چەندیش بیەوێ، ناتوانێ (بێلایەن) بێت، چونکە هێزی گەورە و تۆکمەی نییە پشتیوانی مانەوە و گەشەکردنی بێت مادام خۆی خاوەن ماڵێکی لێکترازاو و پەرتەوازەیە، خۆی کۆنەکردووەتەوە و هێزە سیاسییەکانی دابەشی سەر کوتلە سیاسییە جیاوازەکان بووە.
هەرێمی کوردستان لە شەڕی ئەمەریکا و ئیسرائیل- ئێران، چەند بانگەشەی بێلایەنبوونی کرد، کەچی هەر بزیسکی ئاگرەکە بەری کەوت و زیانی گیانی و مادی زۆری بەرکەوت، هەڵبەت ئەمە ئەگەر بەشێکی پەیوەندیی بە سیاسەتی ئەو وڵاتانەوە هەبووبێت بۆ ئەوەی کورد تێوەبگلێنن، ئەوا بەشەکەی دیکەی پەیوەندیی بەوەوە هەبوو کەوا کورد خاوەن هێزێکی گەورەی وا نەبوو بتوانێت شارەزایانە بەرگریی لە خۆی بکات و لەڕووی مەترسییەکاندا بووەستێتەوە.
هەمان حاڵەت بۆ عێراقیش راستە، ئێستا تائەندازەیەکی زۆر کورد نایەکگرتووە، هێزەکانی سوننە و شیعە نەک ئەوەیان پێخۆشە، بەڵکوو بەوردیش کاری لەسەر دەکەن، بۆ ئەوان کوردی پەرتەوازە باشترە، چونکە دەتوانن زۆرترین دەستکەوت بۆ خۆیان ببەن و کوردیش بە کەمترین دەستکەوت لە پرۆسە سیاسییەکە بەشداربێت.
خۆ ئەگەر ئەوە بۆ سەر ئاستی هەرێمی کوردستان بچووکتر بکەیتەوە و شیبکەیتەوە، ئەوا دەزانیت زیانەکانی لەوەی عێراق گەورەترن، زیانەکان ئەوەن هەرێمی کوردستان ئێستا حکومەتێکی کاربەڕێکەری هەیە، پەرلەمانەکەی کارا نییە، هەروەها بەئاشکرا هەنگاو بەرەو دوو ئیدارەیی دەنرێت، ئەوە مەترسییەکی جدییە و دەستکەوتەکانی سێ دەیەی رابردوو لە سفر نزیک دەکاتەوە.
هێزە سیاسییەکان بەردەوام لە گوتارەکانیاندا باسی داهاتوویەکی گەش بۆ کوردستان دەکەن، بەڵام روونە بنیادنانی ئەو داهاتووە بە لێکترازان و پەرتەوازەیی نەک بەدی نایەت، بەڵکوو دەستکەوتەکان دەخاتە مەترسییەوە، نەک بێ ئەوەی بزانین، بەڵکوو بەئاشکرا ئەوەیش دەبینین دوژمنانی کورد کاری لەسەر دەکەن و نایانەوێت یەکگرتوو، یەکگوتار و خاوەن ستراتیژیی نەتەوەیی کوردستانی بین.