پەندی پێشینانی ئەفریقی

د.نازەنین عوسمان حەسەن

پەندی پێشینان، بریتییە لەو ئیدیۆم و رستانەی دەماودەم گواستراونەتەوە. رستەی کورتن، یان دەستەوشەیەکن، گوتنیان ئاسانە، زۆر جار ریتمی شیعریان هەیە بەو زمانەی پێی دەگوترێت. هەندێک جار مانای شاراوەیان هەیە. نازانرێت لە چ کات و سەردەمێک، یان لەلایەن کێ بۆ یەکەم جار گوتراوە.

پەندی پێشینان، جیهانییە، بەڵام لە هەمان کاتدا هەموو کۆمەڵگەیەک پەندی تایبەت بە خۆیان هەیە. بەپێی کولتوور، جۆری کۆمەڵگە، چینە کۆمەڵایەتییەکان، ژینگەکەیان و بەها کۆمەڵایەتییەکانیان دەگۆڕێت.

هەندێک جار پەندێک دەبینیت لە چەند زمانێکدا هەمان مانا دەدات، بەڵام بە وشەی جیا. بۆ نموونە؛ لەسەر سەبر و  پەلەکردن: عەرەب دەڵێن “پەلەکردن کاری شەیتانە”، لە ئیتیۆپیا دەڵێن “ئەوەی بەپەلە سەربکەوێت، دەکەوێت”، لە نێو کورددا دەڵێن “پەلەکردن پەشیمانیی لەدوایە”، فەرەنسایی دەڵێن “ئەوەی لەسەرخۆ دەڕوات، هەر دەگاتە شوێنی مەبەست”، چینی دەڵێن “ئەوەی پەلە دەکات، سەرناکەوێت”، ژاپۆنی دەڵێن “ئەوەی حەوت جار بەردەبێتەوە هەشت جار هەڵدەستێتەوە”، ئینگلیز دەڵێن “پێش ئەوەی دەست بە کارەکە بکەیت، باش سەیر بکە”…

مەبەست لە بەکارهێنانی ئەو پەندانە؛ پشتگیرییە بۆ گەیاندنی بیرۆکەیەک، بۆ رێنیشاندانە، بۆ فێرکردنە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەک و پتەوکردنی یەکگرتوویی، بۆ بەهێزکردنی بەها کۆمەڵایەتییەکانە… مانای فەلسەفیی قووڵیان هەیە بە وشەی سادە.

گەلانی ئەفریقی بەدەر نین لەوە، رەنگبێ زۆر زیاتریان هەبێت لەچاو شوێنی تر، ئەویش بەهۆی گەورەیی کیشوەرەکە و بوونی دوو بۆ سێ هەزار نەژاد و رەگەزی جیاواز، کە بە نزیکەی 1500 بۆ 2000 زمان دەئاخفن و زۆر گرنگییان بە گواستنەوەی زانیاری لە رێگەی گێڕانەوەی دەماودەم داوە و نووسین کەمتر بووە. بۆ نموونە؛ وڵاتێکی وەکوو نێجیریا 250 بۆ 300 نەژادی لێیە و لەنێوان 500 بۆ 520 زمان.

لە پەندەکانی ئەفریقیدا، سوودی زۆر لە ژینگە و سروشت وەرگیراوە و گرنگی بە یارمەتیی یەکتر و پشتبەستن بەیەک دراوە.

ئەمانەی خوارەوە هەندێک نموونەن لە پەندی پێشینانی ئەفریقی، هەرچەندە زۆر لە پەندەکانیان نازانرێت سەرچاوەکەی کام وڵاتە، یان کام گەلە، چونکە لە لای چەند گەلێک بە هەمان شێوە بەکار دێن:

  • گیای بەرز دەتوانێت پڵنگ بشارێتەوە، بەڵام ناتوانێت مڕەی بشارێتەوە. (پیۆل)
  • قوقەی کەڵەشێر، شێر ناترسێنێت. (بورکینا فاسۆ)
  • تەنیا بێوەژن دەزانێت مێردەکەی لەکوێیە. (تۆگۆ)
  • ئەو منداڵەی بە ماچی دێیەکە گەرم نەکرێتەوە، دێیەکە دەسووتێنێت تا گەرم بێتەوە. (نێجیریا)
  • ئەوەی ناپرسێت، فێر نابێت. (نێجیریا)
  • ئەوەی تووشی سکچوون بووە، لە تاریکی ناترسێت. (سۆنیک)
  • مشک کاتێك شەڕ بە پشیلە دەفرۆشێت، گەر نزیک کونی هێلانەکەی بوو. (نێجیریا)
  • بەهای سمت نازانین تا کاتی دانیشتن. (سنیگال)
  • ئەو کەسەی لە رووبار نەپەڕیوەتەوە، نابێت گاڵتە بە خنکاو بکات. (کۆتدیڤوار)
  • تەنانەت سەگیش کە خاوەنی چوار پەلە، ناتوانێت دوو رێگە لە یەک کاتدا بگرێت. (کۆنگۆ)
  • کاتێک فیلەکان شەڕ دەکەن، گیاکان پان دەبنەوە. (کینیا)
  • گەر بزنێکت بینی لای لانەی شێر، لێی بترسە. (بامبارا)
  • هەڵەکردن، لە بەهای ماندووبوونەکە کەم ناکاتەوە. (کامیروون)
  • گەر ژمارەمان زۆر بوو کاتی پەڕینەوەی رووبار، تیمساح قووتمان نادات. (گابۆن)
  • بۆ ئەوەی بزانین دەچینە کوێ، دەبێت بزانین لەکوێین. (چاد)
  • کاتێک میوزیک دەگۆڕدرێت، دەبێت سەماکەش بگۆڕین. (یۆرۆبا)
  • مرۆڤە دەرمانی مرۆڤ. (وۆڵۆف)
  • ئەو رووبارەی سەرچاوەکەی بیر دەچێتەوە، وشک دەکات. (مالی)
  • کاتێک داوی جاڵجاڵۆکە یەک بگرن، شێر دەبەستنەوە. (ئیتیۆپیا)

خ.غ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان