مەودا میدیا-
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیی لە مامۆستا سهڵاحهدین محەممەد بههائهدین، ئەمیندارى گشتیی یهكگرتووى ئیسلامى كوردستان کرد و دوایین پەرەسەندنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عیراقیان تاوتوێکرد و گرنگیی بەردەوامیی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی نێوان هێز و لایەنەکان بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکان بە گرنگ زانی.
سەڵاحەدین محەممەد دەستپێشخەرییەکی بۆ دەربازبوون لە دۆخی چەقبەستوویی سیاسیی کوردستان پێشکەشی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد، هەردوولا هاوڕابوون کە درێژەکێشانی دۆخی چەقبەستووی سیاسیی هەرێمی کوردستان خزمەت بە بەرژەوەندییە گشتییەکان ناکات و بۆ نەهێشتنی بەربەستەکان پێویستە هەنگاوی جددی بنرێت، ئەوەش بە دیدگایەکی نیشتمانی و بەرپرسیارانە دەکرێت کە ئامانجی خزمەتکردنی هاونیشتمانییان بێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی،سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند “وەکو یەکێتی لە رابردوودا، هەروەها بۆ ئێستا و داهاتووش بەرەوڕووی هەر دەستپێشخەرییەک دەچین کە لە سۆنگەی دڵسۆزییەوە بێت و لە سوود و بەرژەوەندیی گەلی کوردستان بێت”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “لە ئەمڕۆوە و لەپێناو زەمینەسازیی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، میدیاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هاوکاریی ئەو دۆخە بن و نەبنە بەشێک لە تووندکردنەوەی ناکۆکییەکان”.
ب ح